فێرخوازانى ئەندازیارى شارستانى شیکردنەوەى CBR بۆ خاکى زانکۆ دەکەن
بەئامانجى شیکردنەوەى تایبەتمەندییەکانى خاک و چۆنیەتى سودوەرگرتن لە جۆرى خاک بۆ دروستکردنى پڕۆژە ئەندازیارییەکان، فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى شارستانى چالاکیەکى زانستى پراکتیکیان ئەنجامدا.
ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى (١٩/٤/٢٠٢٢) فێرخوازانى قۆناخى سێیەمى بەشى ئەندازیارى شارستانى لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دلزار قادر بكر لەناو کەمپسى زانکۆ چالاکیە زانستیەکەیان بەڕێوەبرد، کە تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی هێزی میکانیکی چینە لاوەکیەکانی ڕێگە و، هێڵە بنچینەییەکان و چینە بنچینەکانى خاک.
لە هەنگاوى یەکەمى چالاکیەکەیاندا لە چەند شوێنێکى جیاوازى ناو زانکۆ چەند نمونەیەک لە خاکەکەیان وەرگرت، پاشان لە تاقیگەى تایبەت بەپشت بەستن بەپێوەرە زانستیە جیهانیەکان پشکنینى (CBR)یان بۆ خاکەکە کرد، ئەو پشکنینە بەکاردێت بۆ دروستکردنی زانینى تواناى بەرگرى خاک بۆ بوارى ئەندازیارى.