
فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ بەشدارى لە چالاکیەکى تایبەت بە ڕۆژی جیهانیی چارەسەری سروشتی دەکەن
- Categories بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی
- Date ئەیلوول 10, 2026
لە ڕۆژی جیهانیی چارەسەری سروشتیدا، ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، ژمارەیەک لە فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارییان لە چالاکیەکى تایبەت بەو ڕۆژە لە نەخۆشخانەی ماجدی لە شاری هەولێر کرد.
لە چالاکییەکەدا، هەریەک لە فێرخوازان (ڕەحمە دلشاد عبد الهادي) و (خوڵە هاشم عزیز فائق) لە قۆناغی چوارەم و، (ڕەوا عبد الرحمن) و (ژینەر سامي) لە قۆناغی دووەم، ئامادەی دانیشتنەکە بوون و بەشدارییەکی کارایان لە وتوێژە زانستییەکاندا کرد.
دانیشتنەکە لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕ، دکتۆرە ژاڵە کاک ئەمین مەولود، دکتۆرە شێلان فەیروز عارف و دکتۆرە ئالاء أسامة الطویل پێشکەش کرا، کە تیایدا تیشکیان خستە سەر چەندین بابەتی کلینیکی گرنگ، لەوانە هەوکردنی جومگەکان (Rheumatoid Arthritis)، هۆکارەکانی، نیشانە و دەستنیشانکردنی، لەگەڵ ڕۆڵی چارەسەری سروشتی لە کەمکردنەوەی نیشانەکان و باشترکردنی توانای وەزیفی لای نەخۆشان.
ئەم بەشداریکردنەى فێرخوازان بووە هۆکارێک بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بە ئاستی زانیاریی کلینیکیی و، ڕەخساندنی دەرفەت بۆ بەدواداچوونی شێوازەکانی پەیوەندیکردن و پێشکەشکردنی زانستی لای پسپۆڕانی بوارەکە، جگە لە پەرەپێدانی تێگەیشتنیان بەرامبەر ڕۆڵی تیمە تەندروستییە فرە پسپۆڕییەکان لە پێشکەشکردنی چاودێریی گشتگیر بۆ نەخۆشان.



