فێرخوازانى بەشی ئەندازیارى پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك ئامێرێکی پاراستنی پێشکەوتوو و زیرەک دروست دەکەن
بۆ پەرەپێدانى زیاترى ئاستى توانا و لێهاتوویی فێرخوازان، سەرۆکایەتى بەشى ئەندازیارى پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوام لە پاڵپشتیکردن و هاندانى فێرخوازان، لەو چوارچێوەیەشدا فێرخوازانى بەشەکە توانیویانە کۆمەڵێک ئامێرى پاراستنى پێشکەوتوو و زیرەک دروست بکەن.
یەکێک لە ئامێرەکان تایبەتە بەکردنەوەی دەرگاکان لە ڕێگەی پەنجەمۆرەوە، ئەو ئامێرە لەلایەن هەردوو فێرخواز (فاتمە سەلام و لارە وەلید) دروستکراوە، کە فێرخوازى قۆناغی دووەمن، ئامێرەکە پشت بە تۆمارکردنی پێشووی پەنجەمۆر لە ئامێرەکە بۆ ڕێگەدان بە کردنەوەی دەروازەکان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی، هەربۆیە ئامێرەکە پەنجەمۆرە تۆمارنەکراوەکان ڕەت دەکاتەوە، تایبەتمەندى ئامێرەک لەوەدایە، کە تواناى کۆگاکردنى (1,700) پەنجەمۆری جیاوازى هەیە.
هاوکات دوو فێرخوازی دیکەى هەمان بەش بەناوەکانى (محەمەد نەوزاد و ئەحمەد دلێر) فێرخوازانى قۆناغى دووەم، ئەم ئامێرەشیان تایبەتە بەکردنەوەى دەرگاکان، بەڵام کردنەوەى هەر دەرگایەک پێویستى بەکۆدێکى تایبەتە، ئەو کەسەى کۆدەکەى بەردەست بێ دەتوانێ دەرگاکە بکاتەوە، لەکاتێکدا ئەگەر هاتوو کۆدى هەڵە لێدرا، لەوکاتەدا ڕاستەوخۆ ئامێرەکە پەیوەندى بەو ژمارە تەلەفونەوە دەکات، کە پێشتر لەلایەن خاوەنەکەى تۆمارکراوە و، لەهەوڵەکانى کردنەوەى دەرگاکە ئاگادارى دەکاتەوە، ئەم ئامێرەش بەپێى خواستى بەکارهێنەر دەتوانرێ تایبەتمەندى دیکەى بۆ زیاد بکرێ.