
فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن بە گەشتێكی زانستیی كەناڵی ئاڤا میدیا بەسەردەكەنەوە
- Categories بەشی راگەیاندن
- Date ئەیلوول 30, 2026
ڕۆژی سێشەممە ڕێككەوتی 29-9-2026، سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، گەشتێكی مەیدانی و زانستیی بۆ فێرخوازانی قۆناغەكانی (دووەم، سێیەم و چوارەم) بۆ كەناڵی ئاڤا لە شاری هەولێر ڕێك خست.
لە دەستپێكی سەردانەكەدا، فێرخوازان و مامۆستای سەرپەرشتیار لەلایەن (موحەممەد خۆشناو) بەرپرسی پەیوەندییەكانی كەناڵی ئاڤا پێشوازییەكی گەرمیان لێ كرا. لە وتەیەکیدا وێڕای بەخێرهاتنی شاندی بەشی ڕاگەیاندن، خۆشحاڵیی خۆی بەم جۆرە سەردانە زانستییانە دەربڕی و بە بایەخەوە تیشكی خستە سەر ڕۆڵی ئەو بەسەركردنەوە مەیدانییانە لە درووستكردنی پردی پەیوەندیی پتەو لەنێوان ناوەندە ئەكادیمییەكان و دامەزراوەمیدیاییەكاندا.
دواتر، (موحەممەد خۆشناو)، سەرپەرشتیی فێرخوازانی كرد بۆ بەسەركردنەوەی بەش و ژوورە جیاوازەكانی كەناڵەكە؛ تێیدا فێرخوازان لە نزیكەوە ئاشنای میكانیزمی كاركردن بوون لە بەشەكانی: پلاندانان، دەنگ، ستۆدیۆ سەرەكییەكانی هەواڵ و بەرنامەكان، بەشی وەرزش (كەناڵی ناوخۆیی ئاڤا سپۆرت)، ژووری هەواڵ، بەشی گرافیك دیزاین و، بەشی هونەری. لە هەریەك لەو بەشانەشدا، لەلایەن كارمەند و پسپۆڕانی پەیوەندیدارەوە ڕوونكردنەوەی تەواو و پێویست دەربارەی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی میدیایی و نوێترین تەكنەلۆژیای بەكارهاتوو پێشكەش بە فێرخوازان كرا، ئەمەش دەرفەتێكی گرنگ بوو بۆ بەستنەوەی چەمكە تیۆرییەكان بە لایەنی پراكتیكییەوە، هاوكات بەشداربوو لە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی فێرخوازان دەربارەی ژینگەی ڕاستەقینەی كاری میدیایی.
لەكۆتایی گەشتە زانستییەكەدا، لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، سەرپەرشتیاری چالاكییەكە، بە ناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی (موحەممەد خۆشناو) بەرپرسی پەیوەندییەكانی كەناڵی ئاڤا كرا لە بەرامبەر پێشوازییەكەیان و، ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زێڕینە بۆ ئاشناكردنی فێرخوازان بە پێكهاتە و ستۆدیۆ و بەشە جیاوازەكانی تۆڕەكە.



