Back

فێرخوازانی بەشی تەکنیکى سڕکردن بە سەردانێکی زانستیی بەشەکانى نەخۆشخانەی پاکی بەسەردەکەنەوە

سەرۆکایەتى بەشی تەکنیکى سڕکردن لە زانکۆی جیهان – هەولێر، ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 12/10/2026، سەردانێکی زانستیی مەیدانیی بۆ فێرخوازانی قۆناغی سێیەم بۆ نەخۆشخانەی پاکی ڕێکخست.

سەردانەکە بە سەرپەرشتیی دکتۆر مەحمود جەودەت خەییات بەڕێوەچوو، لە کاتی گەیشتنیان؛ فێرخوازان لەلایەن دڵزار کەریم قادر، سەرۆکی پەرستاران لە نەخۆشخانەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، ئینجا لە وتەیەکیدا کورتەیەکى لەبارەی سروشتی کاری نەخۆشخانەکە، بەشەکانی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی پێشکەش بە فێرخوازان کرد.

پاشان دەرفەت بە فێرخوازان درا، بەشەکانى نەخۆشخانەکە بەسەر بکەنەوە، بۆ ئەوەش لە بەشی فریاکەوتندا، فێرخوازان ئاشنای میکانزمەکانى وەرگرتنی نەخۆش، ڕێکارەکانی هەڵسەنگاندنی سەرەتایی بۆ بارودۆخەکان و، گرنگیی خێرایی وەڵامدانەوە لە بارودۆخە لەناکاوەکاندا بوون.

هاوکات ئاشناى چەندین ئامێری تایبەت بە هەڵسەنگاندن و چاودێریکردندا بوون، لەوانەش ئامێری هێڵکاریی کارەبایی دڵ (ECG) بۆ بەدواداچوونی چالاکیی کارەبایی دڵ، ئامێری پێوانی نیشانەکان بۆ چاودێریکردنی پەستانی خوێن، لێدانی دڵ، ڕێژەی تێربوونی ئۆکسجین و پلەی گەرمی، لەگەڵ ئامێری شۆکی کارەبایی دڵ (Defibrillator) ، کە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێک بارودۆخی تێکچوونی لێدانی دڵ و بارودۆخە لەناکاوەکانی دڵ بەکاردێت.

لە بەشی تیشکدا، فێرخوازان ئاشنای ڕۆڵی دەستنیشانکارانەی وێنەگرتنی پزیشکی بوون لە دیاریکردنی سروشتی بارودۆخە نەخۆشییەکان و هاوکاریکردنی پزیشکان لە وەرگرتنی بڕیارە چارەسەرکارییە گونجاوەکاندا.

لەو چوارچێوەیەشدا لە نزیکەوە ئاشناى ئامێری تیشکی سینی (X-ray)ی بوون، کە بۆ وێنەگرتنی ئێسک و سنگ و دۆزینەوەی چەندین بارودۆخی نەخۆشیی کارى پێ دەکرێت، بەجیا لە ئامێری شەپۆلە سەروودەنگییەکان (Ultrasound) کە پشت بە شەپۆلە دەنگییەکان دەبەستێت بۆ وێنەگرتنی ئەندامەکان و شانە ناوخۆییەکان بە شێوازێکی مۆدێرن.

لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا؛ بەشى تاقیگەى نەخۆشخانەکەیان بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاشناى ڕێکارە سەرەکییەکانی ڕاکێشانی نموونەکانی خوێن، مامەڵەکردن لەگەڵیان و ئامادەکردنیان بۆ ئەنجامدانی پشکنینە تاقیگەیییەکان بوون، هاوکات ئاشناى ئامێری سەنتەرفیوج (Centrifuge) بوون، کە بۆ جیاکردنەوەی توخمەکانی نموونەی خوێن بەکاردێت، ئامێری شیکردنەوەی کیمیایی زیندەیی (Biochemistry Analyzer)ی کە لە شیکردنەوەی چەندین نیشاندەری کیمیایی لە خوێندا، لەگەڵ ئامێری شیکردنەوەی بەرگریی جەستە (Immunoassay Analyzer) کە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک فەحسی هۆرمۆنی و بەرگری بەکاردێت.