
فێرخوازانی بەشی تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى لە نەخۆشخانە دەستیان بە ڕاهێنانی کلینیکی کرد
- Categories زانستی كۆمپیوتەر
- Date ئەیلوول 12, 2026
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی 10/09/2026، لە نەخۆشخانەی (Erbil Smart City Hospital)، فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر نافید عەبدولکەریمی دەستیان بە ڕاهێنانی کلینیکی کرد.
لە سەرەتای گەیشتنیان بە نەخۆشخانەکە، لەلایەن تەکنیککاری ئامێرەکانی تیشک محەمەد سەدام حازم پێشوازی لە فێرخوازان کرا، دواى ئەوەى کورتەیەکى لە بارەى بەشەکانی تیشک لە نەخۆشخانەکە و ژینگەی کاری کلینیکی بۆ فێرخوازان کرد، ئینجا فێرخوازان دەستیان بە ڕاهێنان کلینیکیەکان لەسەر گرنگترین تەکنیک و پڕۆتۆکۆلە پەیڕەوکراوەکان لە بەگەڕخستنی ئامێری تیشکی پشکنینی وورد (CT Scan) کرد ، لەوانەش ئامادەکردنی نەخۆش بۆ پشکنین و ڕێکخستنی پێوەرە تەکنیکییە پێویستەکان بۆ هەر جۆرێکی پشکنینەکان، پاشان گرنگترین ڕێکارەکانی پاراستن و سەلامەتیی تیشکیی بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی نەخۆش و کادرانی پزیشکیی لە کاتی پڕۆسەی وێنەگرتندا بە فێرخوازان ناسێندرا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، تەکنیککاری ئامێرەکانی تیشک محەمەد سەدام حازم جەختی لە گرنگیی ئەم جۆرە ڕاهێنانە کلینیکییە کردەوە بۆ تواناسازیی فێرخوازان لە بەستنەوەی زانیارییەکانیان بە لایەنی مەیدانی لە ژینگەی کاری ڕاستەقینەدا. ئاماژەی بەوەشکرد، بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی فێرخوازان بە سی تی سکانەر و حاڵەتەکانی ژیانی ڕاستەقینە بەشدارە لە وردکردنەوەی لێهاتووییەکانیان و باشتر ئامادەکردنیان بۆ بازاڕی کار.



