فێرخوازانی بەشی زمانى ئینگلیزی؛ سەنتەری توێژینەوەی ڕووداو بەسەردەکەنەوە
بۆ بەدەست هێنانى تێگەیشتنێکی زیاتر لە بوارەکانی زمانی ئینگلیزی، سەرۆکایەتى بەشى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ بەسەرکردنەوەى سەنتەرى توێژینەوەى ڕوداو و گرنگى کارى وەرگێڕان لە سەنتەرەکە ڕێکخست.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (١٤/١١/٢٠٢٣) گروپێک لە فێرخوازانى بەشی زمانى ئینگلیزی بەسەرپەرشتى مامۆستای یاریدەدەر ڕۆژین حسێن حوسێنی بە گەشتێکی زانستى سەنتەری توێژینەوەی ڕووداویان لە تۆڕى میدیایی ڕوداو بەسەرکردەوە.
سەرەتا مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان پێشوازییەکی گەرمیان لەلایەن ستافی سەنتەری توێژینەوەی ڕووداو لێکرا، پاشان مەحموود بابان توێژەر لە سەنتەرەکە بەخێرهێنانى مامۆستای سەرپەرشتیاری و فێرخوازانی بەشی زمانى ئینگلیزی کرد، پاشان کورتەیەکى لەبارەى کار و چالاکى سەنتەرەکەیان بۆ فێرخوازان باسکرد و، بەسەنتەرێکى گرنگ لە کەناڵەکە باسى کرد، کە کۆمەڵێگ ئەرکى جیا ڕایی دەکات.
دواتر فێرخوازان لەگەڵ ئەو توێژەرەى سەنتەرەکە گفتوگۆی چەند بابەتێکى هاوبەشیان کرد بەتایبەت لە بوارى وەرگێڕانى ڕۆژنامەوانى، بۆ ئەوەش توانیان تێڕوانینی زیاتر لە ڕۆڵی فرەلایەنەی توێژەران و ڕۆژنامەنووسان بەدەستبهێنن بەتایبەت سەبارەت بە نووسینی ڕاپۆرت و توێژینەوە و بابەتی جۆراوجۆر، بۆ ئەوەش جەختیان لە گرنگی تێگەیشتنێکی قووڵ لە سیاسەت و کۆمەڵگە و شارەزایی لە هەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی بۆ کاری کاریگەر لە بوارەکەیاندا کردەوە.
لە کۆتاییدا، مامۆستاى ساریدەر ڕۆژین حسین بەناوى سەرۆکایەتى بەشى زمانى ئینگلیزى پێزانینی خۆی بۆ تیمی سەنتەری توێژینەوەی ڕووداو بۆ میوانداریی و تێڕوانینە بە نرخەکانیان دەربڕی.