
فێرخوازانی بەشی زمانی ئینگلیزی بەدواداچوون بۆ فەرهەنگەکانی زمانی ئینگلیزی لە کتێبخانەى هەڤاڵ دەکەن
- Categories بەشی زمانی ئینگلیزی
- Date ئەیلوول 30, 2026
ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 29/09/2026، فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی زمانی ئینگلیزی بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر زینە مەحمود ئەمین سەردانێکی فێرکارییان بۆ کتێبخانەی هەڤاڵ ئەنجام دا.
لە کاتی گەیشتنیان، لەلایەن شەفیع محەمەد حەسەن و ڕۆژهان عەبدوڵڵا ڕەزاق کارمەندانی کتێبخانەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان فێرخوازان چالاکیی جیاوازیان لەبارەی فەرهەنگەکان لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە جێبەجێ کرد؛ لەو چوارچێوەیەدا فێرخواز زەهرا هۆری نادر چاوپێکەوتنی لەگەڵ کارمەندانی کتێبخانەکە ئەنجام دا لەبارەی جۆری فەرهەنگە بەردەستەکان، تازەترین چاپەکان، تایبەتمەندیی جیاکەرەوەیان و بڕی ئەو وشانەی لە چاپی جیاوازدا جێگیر کراون.
لە هەمان کاتدا، فێرخواز سارە حەبیب ئەحمەد تیشکی خستە سەر بەکارهێنەرانی فەرهەنگەکان و چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەردانیکەران ئەنجام دا تاوەکو بزانێت تا چەند فەرهەنگی کاغەزی و ئۆنلاین بەکاردێنن و تا چەند ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد بوونەتە جێگرەوەیان.
لەلایەن خۆشییەوە، فێرخواز ئینتیها مەنعەم ساڵح بەدواداچوونى بۆ جیاوازییەکانی ڕێنووسی وشەکان لە نێوان ئینگلیزیی بەریتانی و ئینگلیزیی ئەمریکی لە فەرهەنگەکاندا کرد و، بەراوردی لە نێوان فەرهەنگە گشتییەکان و فەرهەنگە تایبەتمەندەکانی بوارە زانستی و پیشەیییەکان ئەنجام دا.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، فێرخوازان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ کارمەندانی کتێبخانەی هەڤاڵ دەربڕی بۆ هاوکارییە بەردەوامەکانیان.



