
فێرخوازانی بەشی وەرگێڕان چالاکیەکى پەروەردەیی زمانەوانیان لە ئامادەیی سنەوبەری کچان پێشکەشکرد
- Categories بەشی وەرگێڕان
- Date ئەیلوول 30, 2026
ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 29/09/2026، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغەکانی دووەم و سێیەم و چوارەم لە بەشی وەرگێڕان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانى ئامادەیی سنەوبەری کچانی حکومییان کرد و چالاکیەکى پەروەردەیی زمانەوانیان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
سەردانەکەى فێرخوازانى بەشى وەرگێڕان بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر زێنە مەحمود ئەمین بەڕێوەچوو، لە کاتی گەیشتنیان، فێرخوازان لەلایەن نضال مصطفى اسماعيل، بەڕێوەبەری قوتابخانە و زێنە صلاح، مامۆستا لە قوتابخانەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
پاشان فێرخوازانى بەشى وەرگێڕان دەستیان بە چالاکیەکانیان کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا فاطمة عادل عطاالله، کورتەیەکى لەبارەی بەشی وەرگێڕان خستەڕوو و، تیشکی خستە سەر ئەو وانانەی لە بەشەکەدا دەوترێنەوە، ڕۆڵی فێرخوازانی وەرگێڕان و، دەرفەتەکانی کارکردن کە لە ئایندەدا بۆ دەرچووانی بوارەکە بەردەست دەبن بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە خستەڕوو.
دواتر عبدالله ثامر عبدالرحمن، باسى لە گرنگیی دووزمانیی و فرەزمانیی کرد و، جەختی لەسەر پێویستیی فێربوونی زمانی ئینگلیزی و زمانەکانی دیکە کردەوە لە پاڵ زمانەکانی کوردی و عەرەبیدا. هەروەها قوتابیانى ئاگادار کردەوە لە دەرفەتی فێربوونی زمان لە کاتی پەیوەندیکردنیان و، سوودەکانی بەدەست هێنانی زمانی زیاتری لە ژینگەیەکی فرەزماندا ڕوون کردەوە.
هەروەها تەبار انور عزیز، باسی لە چۆنیەتیی بوون بە فێرخوازێکی سەرکەوتووی زانکۆ کرد. لە ڕوانگەی ئەزموونی خۆی و تێگەیشتنی وەک فێرخوازێک لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چەندین ستراتیژی پرۆسەیی بۆ گونجاندن لەگەڵ ژیانی زانکۆ، بەڕێوەبردنی بەرپرسیارێتییە ئەکادیمییەکان و دەستکەوتنی زۆرترین سوود لە دەرفەتە بەردەستەکانی زانکۆ خستەڕوو.
لە کۆتاییشدا مروان انور عبدالله، فێرخوازی قۆناغی چوارەم لە بەشی وەرگێڕان ڕێنمایی و ئامۆژگاریی هاندەرانەی لەبارەی گرنگیی هەبوونی هزرێکی ڕۆشن و ئارام بەرلە هاویشتنی هەنگاوی گرنگ لە ژیاندا پێشکەش کرد. بە پشتبەستن بە ئەزموونی خۆی وەک فێرخوازێکی قۆناغی کۆتایی، قوتابیانی قوتابخانەکەی هان دا بۆ بیرکردنەوەی ورد بەرلە بڕیاردان و ئەنجامدانی کارەکان. هەروەها چەندین نموونەی پەیوەندیداری بە تۆمارکردنی ناونیشانی ئەکادیمی، ئەنجامدانی کاری وەرگێڕان و جێبەجێکردنی ئەرکە ڕاسپێردراوەکان خستەڕوو، بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی ڕوونیی و بڕیاردانی بەئاگایانە.
لە کۆتاییدا پێشکەشکاران سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی بەڕێوەبەر و مامۆستایانی قوتابخانەکە کرد بۆ هاوکاری بەردەوامیان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئەنجامدانی ئەم چالاکییانە.



