فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار بەشداری لە بەرنامەی (لەگـــەڵ ڕەنــــــج) لە تۆڕی میدیایی ڕووداو دەکەن
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێککەوتی (11/10/2026)، فێرخوازانی بەشی کارگێری کار لە قۆناغە جیاوازەکان بەشدارییان لە بەرنامەی )لەگەڵ ڕەنج( لە تۆڕی میدیایی ڕووداو کرد، کە تێیدا چەندین بابەتی گرنگ سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی سیستمی وەرگرتنی فێرخوازان، داهاتووی فێرخوازان و پەیوەندی نێوان زانکۆ و بازاڕی کار گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لە سەرەتای بەرنامەکەدا، ڕەنج سەنگاوى پێشکەشکارى بەرنامەکە باسی ناوەڕۆک بەرنامەکەى کرد و ئاماژەی بە گرنگیی ئامادەکردنی فێرخوازان بۆ قۆناغی زانکۆ و دوای دەرچوونیان لە زانکۆ کرد.
دواتر، دکتۆر بیلال ئەحمەد وەهاب ئاماژەی بەوە کرد کە بازاڕی کاری عێراق گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، بەڵام سیستمەکە هێشتا پێویستی بە گۆڕانکاریی زیاتر هەیە. ئەو ڕوونی کردەوە کە چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری تەنها ئەرکی زانکۆکان نییە، بەڵکو پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکاندا هەیە.
هەروەها، جەختی لەوە کردەوە کە پێویست نییە هەموو دەرچوویەک تەنها لە بواری خوێندنی خۆیدا کار بکات، بەڵکو دەتوانێت بە پەرەپێدانی تواناکان و شارەزاییەکانی خۆی لە بوارەکانی دیکەشدا سەرکەوتوو بێت.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، دکتۆر کارزان محسن ئاماژەی بەوە کرد، کە هەندێک لە فێرخوازان زانیاریی پێویستیان لەبارەی بەشەکانى زانکۆ و بوارەکانی خوێندن نییە، بۆیە پێویستە ڕێنمایی و زانیاریی پێویست بە فێرخوازان بدرێت تا بتوانن بە شێوەیەکی دروست بڕیار لەبارەی هەڵبژاردنی بەشی خوێندنی خۆیان بدەن.
لە کۆتاییدا، دکتۆر خەتاب ئەحمەد بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختی لە گرنگیی ڕێکخستنەوەی بازاڕی کار لە ڕێگەی یاساوە کردەوە، بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان پێداویستییەکانی بازاڕی کار و تواناکانی دەرچووان باشتر بکرێت.
بەشداریی فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار لەم بەرنامەدا هەلێکی گرنگ بوو بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانکارییەکانی بازاڕی کار، هەڵبژاردنی بواری خوێندن و گرنگیی پەرەپێدانی تواناکانی کەسی و پیشەیی بۆ داهاتوو.
