فێرخوازانی بەشەکانى ژمێریارى و کارگێڕى کار لە ئەکادیمیای نێستڵە بەشدارى لە خولێکى ڕاهێنانى پراکتیکى دەکەن
- Categories بەشی ژمێریاری, بەشی كارگێڕی كار
- Date حوزهیران 22, 2026
بۆ ئامادەکردنی فێرخوازان بۆ بازاڕی کار، فێرخوازانی هەردوو بەشی “ژمێریاری” و “کارگێڕی کار” لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، بەشدارییان لە پڕۆگرامی (Turning Learning into Opportunity) کرد کە لە ئەکادیمیای نێستڵە (Nestlé Academy) لە “هەولێر ئەڤینۆ” بەڕێوەچوو.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (راز ئازاد) و مامۆستا (ڕێبین بیلال محەمەد) ڕێکخرا، مەراسیمى کردنەوەى پرۆگرامەکە بە وتەیەکی بەخێرهێنان لەلایەن (شادی بو ئیسماعیل) بەڕێوەبەری گشتی دەستی پێکرد، کە تێیدا جەختی لەسەر گرنگیی وەبەرهێنان لە تواناکانی گەنجان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ لێهاتووییە نوێیەکان کردەوە. دواتر، (دەیڤد مۆلۆتۆ) جێگری سەرۆکی سەرچاوە مرۆییەکان لە کۆمپانیای نێستڵە بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (MENA)، بابەتێکی هاندەرانەی پێشکەش کرد. بۆ ئەوەش تیشکی خستە سەر پابەندیی کۆمپانیای نێستڵە بۆ پاڵپشتیکردنی گەنجانی عێراق و گێڕانەوەی ئەزموونی کەسیی خۆی کە چۆن لەرێگەی پڕۆگرامێکی هاوشێوەوە گەیشتووەتە ئەم پێگە باڵایە،هاوکات فێرخوازانى ڕاسپارد هەموو دەرفەتێک بۆ فێربوون و پەرەپێدان بقۆزنەوە، چونکە گەنجان هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی دامەزراوەکانن لە داهاتوودا.
لە بەشێکی دیکەی پڕۆگرامەکەدا، (نیعمەتەڵڵا یونس) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ناوچەی شام و کەرتی خۆراک لە نێستڵە (MENA)، وتارێکی دەربارەی گرنگیی دۆزینەوەی بەهرەکان پێشکەش کرد و، ڕوونی کردەوە کە ئەم پڕۆگرامە پلاتفۆرمێکی بەهێز بۆ فێرخوازان دابین دەکات تاوەکو کار لەسەر کەیسە پراکتیکییەکان (Case Studies) بکەن و ئەزموونی ڕاستەقینە لە ناو بازاڕدا بەدەست بهێنن. هەروەها هانی فێرخوازانی بەشە جیاوازەکانی دا بۆ هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کارکردنی بەکۆمەڵ (Teamwork) فاکتەری بنەڕەتیی هەر سەرکەوتنێکی پیشەیییە.
لە کۆتایی پرۆگرامەکەدا، فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەم دەرفەتە زانستییە دەربڕی کە وای لێ کردن لە نزیکەوە ئاشنای دیدگای سەرکردە پیشەییەکان بن و متمانەی زیاتریان بە تواناکانی خۆیان هەبێت بۆ چوونە ناو بازاڕی کار. ئەم جۆرە هەماهەنگییانە لەگەڵ براندە جیهانییەکانی وەک نێستڵە، کە فێرخوازان بۆ ماوەى دوو مانگ لە بەشەکانى کۆمپانیاى نێستلە ڕاهێنان دەکەن؛ بەشێکی گرنگە لە پلانی ستراتیژیی زانکۆ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پیشەیی فێرخوازان و پێگەیاندنی نەوەیەکی لێهاتوو بۆ داهاتووی وڵات.
You may also like
لە زانکۆی جیهان-هەولێر پێشوازی لە شاندێکی باڵای سەندیکای ژمێریاران و وردبینانى کوردستان کرا
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، لە زانکۆی جیهان-هەولێر، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان کرا. شاندی میوان پێکهاتبوون لە (سەلیم سەلیم حوسێن) بەڕێوەبەری سەندیکا و (گۆران …


