Back

فێرخوازانی بەشەکانی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دبلۆماسی سەردانێکی زانستییان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان ئەنجامدا

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی 08/10/2026، هەریەک لە سەرۆکایەتى بەشى یاسا و بەشى پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و دبلۆماسی لە زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانێکی زانستیی مەیدانیی هاوبەشیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر ڕێکخست.

سەردانەکە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر سامان حەسەن عەلی بەڕێوەچوو، لە کاتی گەیشتنی فێرخوازان، لەلایەن عەمید (سەفین طاهر محمد أمین) پێشوازییان لێکرا و بەخێرهاتنی گەرمى فێرخوازانی کرد.

پاشان مامۆستا (پیرۆ ئەنوەر سەعید)، سەرۆکی بەشی هۆشیاری، ڕاهێنان و توێژینەوەکان، بەوردى باسى سروشتی کاری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، پێکهاتەکەی، میکانزمەکانى پێشکەشکردنی سکاڵاکان کرد.

هاوکات باسى لە چوارچێوەی یاسایی و یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی کوردستان و یاسا پەیوەندیدارەکان بۆ فێرخوازان کرد. هەروەها ئاماژەی بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی وەک (سیداو CEDAW) و پێویستییە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ کرد.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا باسى دیارترین ئاڵۆزییەکان و دوایین پێشهاتەکانی پرۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان لە (ژووری ئۆپەراسیۆنەکان)ی بەڕێوەبەرایەتیەکە ئامادەبوون بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بە میکانزمەکانى وەرگرتنی سکاڵاکان، لە کۆتا وێستگەى سەردانەکەیاندا فێرخوازان ڕادیۆی هۆشیاریی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بەسەرکردەوە.

بۆ ئەوەش مامۆستاى یاریدەدەر سامان حەسەن عەلی بە ناوی سەرۆکایەتى بەشەکانى یاسا و بەشى پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و دبلۆماسی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی عەمید و کارمەندانى بەڕێوەبەرایەتییەکە کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفە و ئاشناکردنى فێرخوازان بە کاروبارى لایەنە جیاوازەکانى بەڕێوەبەرایەتەکە.