فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ بەشداریکردن لە خولێکی نێودەوڵەتیی پەرەپێدانى زمان بەرەو وڵاتی بەریتانیا بەڕێکەوتن
- Categories بهشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان, بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی, زانستی كۆمپیوتەر, کۆلێژی دەرمانسازی
- Date حوزهیران 27, 2026
لە بەردەوامى پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەرزکردنەوەی توانستە زمانەوانییەکانی فێرخوازان، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی (٢٠٢٦/٦/٢٦)، یەکەمین گرووپی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو وڵاتی بەریتانیا بەڕێکەوتن.
ئەم گەشتە زانستییەى فێرخوازان لەبەر ڕۆشنایی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەکادیمی (MOU) نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و دامەزراوەی (International Foundation Group – IFG) ئەنجام دەدرێت، بە مەبەستی بەشداریکردن لە خولێکی چڕی هاوینە بۆ پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی.
پڕۆگرامی ئەم گەشتە زانستییە تا ڕێکەوتى (١١/٧/٢٠٢٦) بەردەوام دەبێت، بە وردی داڕژراوە تاوەکو فێرخوازان زۆرترین سوودی زانستی و مەیدانی لێ وەربگرن. بەرنامەکە ٣٠ کاتژمێر وانەی ئەکادیمی لە ناوەندە بەناوبانگەکانی دامەزراوەی (IFG) لە شارەکانی ئۆکسفۆرد و لەندەن لەخۆ دەگرێت، کە تێیدا ڕۆژانە سێ کاتژمێر وانەی زمانەوانی و تەوەرێکی تایبەت بە ئاشنابوون بە زانکۆکانی بەریتانیا پێشکەش دەکرێت. هاوکات، لایەنی کەلتووری بەشێکی گرنگی گەشتەکەیە و، بڕیارە فێرخوازان سەردانی دیارترین شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکانی لەندەن و شارەکانی دیکەی بەریتانیا بکەن بۆ فراوانکردنی ئاسۆی مەعریفییان.
شاندی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ ئەم خولە بە سەرپەرشتی مامۆستا (ئەنەس سەعادە سەلیم ئەلخووری) بەڕێکەوتن و فێرخوازە بەشداربووەکانیش پێکهاتوون لە: (ڕیان حوسێن حەسەن) لە قۆناغی سێیەمی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان، (عەلی ماهر داود) لە قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی و، (ڕێکەوت عەبدوڵا ڕەسوڵ) لە قۆناغی چوارەمی بەشی زانستی کۆمپیوتەر.



