فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە وڵاتی چیک دەستیان بە خولی نێودەوڵەتیی “تەندروستی و سەلامەتی” کرد
- Categories بــەشى بایۆمیدیکەڵ, بەشی پەرستاری تەندروستی كۆمەڵ, بەشی تـەکـنـیـکـی سـڕکــردن
- Date حوزهیران 23, 2026
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٢/٦/٢٠٢٦) دووەمین گرووپى لە فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە زانکۆی پالاجکی (Palacký University) لە شاری ئۆلۆموس یەکەمین ڕۆژی خولی ڕاهێنانی پێشکەوتووی “تەندروستی، سەلامەتی و ژینگە (HSE)”یان دەست پێ کرد.
لە دەسپێکی بەرنامە زانستییەکەدا، فێرخوازان بەشدارییان لە وانەیەکی تیۆریی دەربارەی چەمک و بنەماکانی (HSE) کرد، کە لە لایەن پسپۆڕی نێودەوڵەتی (دکتۆر پاڤێل سپیرۆڤ) پێشکەش کرا. پاشان، لایەنی پراکتیکیی چالاکیەکەیان دەست پێ کرد، کە تێیدا دکتۆر سپیرۆڤ هاوەڵیی فێرخوازانی کرد لە گەشتێکی مەیدانی بۆ ناو بەشە جیاوازەکانی زانکۆ، بە مەبەستی بینین و ئاشنابوون بە سیستمە مۆدێرنەکانی ئاسایشی تاقیگەکان و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ناوچە تەکنیکییە هەستیارەکان بەپێی نوێترین پەیڕەوە زانستییەکان.
لە پەراوێزی چالاکییە ئەکادیمییەکاندا و بە ئامانجی ئاشنابوون بە کەلتوور و مێژووی وڵاتی خانەخوێ، فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشدارییان لە گەشتێکی مەیدانی کرد بۆ ناوچە شوێنەوارییەکانی شاری ئۆلۆموس.
لەو چوارچێوەیەشدا فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای تەلارسازیی شارۆچکە مێژووییەکە و کاتێدراڵی ناوداری (Saint Wenceslas) بوون، کە ئەمەش وەک بەشێک لە بەرنامەی “ئاڵوگۆڕی کەلتووری” دەرفەتێکی باشی بۆ ڕەخساندن تاوەکو ئاشناى ڕەهەندە شارستانییەکانی کۆماری چیک بن.
ئەم گرووپەی فێرخوازان کە لەسەر بنەمای لێهاتوویی زانستی هەڵبژێردراون، پێکهاتوون لە: (مینا حوسێن کەریم) فێرخوازی قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ، (کامگار سەرهەنگ مستەفا) و (ئیسماعیل قادر عەزەت) فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی تەکنیکی سڕکردن، لەگەڵ (هەردی عوبەید ڕەفیق) دەرچووی بەشی پەرستاریی تەندروستیی کۆمەڵ، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (٢١/٦/ ٢٠٢٦)، لەبەر ڕۆشنایی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەکادیمی (MOU) نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و زانکۆی پالاجکی (Palacký University Olomouc) لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو وڵاتی چیک بەڕێکەوتن.



