فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە پۆڵەندا مێژووی شارستانیی شاری وۆچ و “کۆشکی بوزنانسکی” بەسەر دەکەنەوە
- Categories بەشی زمانی ئینگلیزی, زانستی كۆمپیوتەر
- Date حوزهیران 21, 2026
گرووپێک لە فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستی و کەلتوورییان بۆ مۆزەخانەی شاری وۆچ (Museum of the City of Łódź) ئەنجامدا.
لە میانی ئەم بەسەرکردنەوەیەدا، فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر بەدواداچونیان بۆ بەشە جیاوازەکانی مۆزەخانەکە کرد، کە پێشتر گەورەترین و ناودارترین کۆشکی نیشتەجێبوون بووە لە شارەکەدا و بە “کۆشکی بوزنانسکی – Poznański Palace” ناسراوە. لەو چوارچێوەیەدا فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای مێژووی دێرینی شارەکە و کەسایەتی دامەزرێنەران، بازرگانان، هونەرمەندان و ئەو کەسایەتییە دیارانە بوون کە ڕۆڵێکی جەوهەرییان لە داڕشتنی ناسنامەی کەلتووری و ئابووریی شاری لۆدزدا گێڕاوە. هاوکات فێرخوازان ئاشناى گەشەسەندنی شارستانی و دەستپێشخەریی کەسایەتییە مێژووییەکانى شارەکە بون.
ئەم گرووپە کە ئێستا بۆ تەواوکردنی کۆرسێکی خوێندن لە زانکۆی “وۆچ” (University of Lodz) لە قۆناغەکانى کۆتایى خوێندنەکەیانن، لە هەریەک لە فێرخوازان (ئالایهەم سەڵاحەدین باسل) لە قۆناغی سێیەمی بەشی زمانی ئینگلیزی و (ئەلەند شێرزاد ئیبراهیم) لە قۆناغی دووەمی بەشی زانستی کۆمپیوتەر پێکدێن. فێرخوازان لە چوارچێوەى جێبەجێکردنی بەندەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی (MoU) نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و زانکۆی وۆچی پۆڵەندی لەو وڵاتەن
مۆزەخانەی شاری وۆچ، کە بەهۆی جوانی و گەورەیی تەلارسازییەکەیەوە بە “لۆڤەری وۆچ” دەناسرێت، لە چەندین گەلەری و بەشی جیاواز پێکهاتووە؛ دیارترینیان ژوورە شاهانەییەکان و هۆڵە ڕازاوەکانی نیشتەجێبوونی خێزانی بوزنانسکییە کە تێیدا ڕەنگدانەوەی ژیانی لوکس و ئاستی ئابووریی بازرگانانی سەدەی نۆزدەیەم دەبینرێت. هەروەها مۆزەخانەکە گەلەریی “ناودارانی شاری لۆدز” لەخۆدەگرێت، کە تەرخانکراوە بۆ ناساندنی ژیانی کەسایەتییە جیهانییەکانی وەک “ئارسەر ڕۆبینشتاین”ی مۆسیقاژەن و “جولیان توویم”ی شاعیر و “یان کارسکی” پاڵەوانی نیشتمانیی پۆڵەندا. جگە لەمانە، بەشێکی فراوان تەرخانکراوە بۆ مێژووی گەشەسەندنی پیشەسازی و کەلتووری شارەکە، کە بەیەکەوە وێنەیەکی وردی پەرەسەندنی شارستانیی پۆڵەندا بۆ فێرخوازان و گەشتیاران بەرجەستە دەکەن.
.



