Back

فێرخوازانی کۆلێژی دەرمانسازی بە سەردانێکی زانستی پیشانگەی نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیای HITEX 2026 بەسەردەکەنەوە

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی 08/10/2026، گروپێک لە فێرخوازانى کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانێکی زانستیی مەیدانیی بۆ پیشانگەی نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیای HITEX 2026 ئەنجامدا.

لە میانەى سەردانەکەیاندا، کە بە سەرپەرشتیی یاریدەدەرانى توێژەر ماملی حەمە عەبدوڵڵا و، ئایە قەیسەر ئیبراهیم بەڕێوەچوو، فێرخوازان لە بەشەکانى پیشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر کۆمەڵێک بەرهەمى کۆمپانیا و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانیان بەسەرکردەوە.

فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ نوێنەرانى کۆمپانیا تەکنەلۆجییە بەشداربووەکاندا  گفتوگۆیان لەبارەى کۆمەڵێک بەرهەمى جیاواز کرد، بەتایبەت بەرهەمەکانى پەیوەست  بە سەکۆ دیجیتاڵییەکان، ئەپڵیکەیشنە بەرنامەیییەکان، ئەو ئامرازانەی لەسەر بنەمای ژیریی دەستکرد و تازەترین داهێنانی تەکنەلۆجییان  کاردەکەن.

هاوکات فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆجییانە بوون لە گەشەپێدانی کەرتی چاودێریی تەندروستی، باشترکردنی خزمەتگوزارییە دەرمانسازییەکان، پاڵپشتیکردنی بەڕێوەبردنی دەرمان و بەرزکردنەوەی کارایی پەیوەندیکردن و و ڕاپەڕاندن و جێبەجێکردنى کارە پیشەیییەکاندا.

سەردانەکە بووە دەرفەتێکى گرنگ بۆ فێرخوازان ڕەخساند و ئاشناى تەکنەلۆجیا نوێیەکان بون و، پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیاکان و لایەنە بەشداربووەکاندا دروستکرد و، پرسیار و تێبینییەکانیان ئاڕاستە کردن، بەتایبەت ئەو بەرهەمە تەکنەلۆجیایانەى پەیوەندیان بە کەرتی چاودێریی تەندروستی و بوارى دەرمانسازى بەتایبەت هەیە.