لە بەردەوامى بەرنامە زانستییەکەیان لە بەریتانیا؛ فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر وانەی ڕێزمانی ئینگلیزی وەردەگرن و سەردانی “هاید پارک” دەکەن
- Categories بهشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان, بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی, زانستی كۆمپیوتەر, کۆلێژی دەرمانسازی
- Date تەممووز 4, 2026
لە دووەم ڕۆژی پڕۆگرامی مەشق و ڕاهێنانی فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر لە شانشینی یەکگرتوو، کە لە ڕێکەوتی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لە بارەگای ڕێکخراوی IFG لە شاری ماندێڤێڵ بەڕێوەچوو، فێرخوازان نوێنەرانی زانکۆ بەردەوام بوون لە وەرگرتنی وانە ئەکادیمییەکانیان.
دانیشتنی ڕۆژی دووەم لەلایەن (دکتۆر جۆن) پێشکەش کرا، کە تێیدا تیشکى خستە سەر وانە پسپۆڕییەکانی ڕێزمانی زمانی ئینگلیزی (English Grammar)، بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی زمان و قووڵکردنەوەی تێگەیشتنی پراکتیکی لاى فێرخوازان، تا بتوانن بە شێوەیەکی دروست و ئەکادیمی لە گفتوگۆ و نووسیندا بەکاریبهێنن.
دوای کۆتایی هاتنی وانەکان، فێرخوازان گەشتێکی مەیدانییان بۆ پارکی ناوداری “هاید پارک (Hyde Park)” لە ناوەندی شاری لەندەن ئەنجامدا. ئەم سەردانە وەک بەشێک لە بەرنامەی “فێربوونی ئەزموونی” ڕێکخرابوو، تا فێرخوازان دەرفەتیان هەبێت کارامەییەکانی زمانی ئینگلیزی لە ژینگەیەکی ڕاستەقینە و لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا تاقی بکەنەوە، ئەوە جگە لە ئاشنابوون بە یەکێک لە گرنگترین شوێنەوارە کەلتووری و گەشتیارییەکانی پایتەختی بەریتانیا.
لەم بارەیەوە، دکتۆر ئەنەس ئەلخووری سەرپەرشتیارى فێرخوازان ئاماژەی بە گرنگیی هاوسەنگی نێوان خوێندنی ناو پۆل و چالاکییە دەرەکییەکان کرد و، ڕایگەیاند: ئەم جۆرە گەشتە مەیدانییانە متمانەبەخۆبوونی فێرخوازان لە بەکارهێنانی زماندا زیاد دەکات و دیدگایەکی نێودەوڵەتییان پێ دەبەخشێت.



