لە زانکۆى جیهان-هەولێر خولێکى تایبەت بە چارەسەرى سروشتى بەڕێوەچوو
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: چارەسەرى سروشتى یەکێکە لە بابەتە هەستیارەکان و، گرنگە چارەسەرکارانى سروشتى هەموو کات هەوڵ بدەن ئاستى زانست و زانیارییەکانیان بەتایبەت لە بوارى پراکتیکى زیاتر بکەن.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٧/٨/٢٠٢٣) لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر، بەئامادەبونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، د.عبدولستار کەریم سەعید یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان مەراسیمێک بەبۆنەى کۆتایهاتنى چارەسەرى سروشتى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو.
لەسەرەتای مەراسیمەکەدا، مامۆستاى یاریدەدەر تەنیا سەلیم ساڵح سەرۆکى بەشى چارەسەرى سروشتى وتەى بەخێرهێنانى پێشکەشکرد، پاشان پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتەیەکى پێشکەشکرد و ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر لە پاڵ خوێندنى زانکۆیی بایەخى تایبەت بە خول و ڕاهێنانى پیشەیی فێرخوازان دەدات، لەو بوارەشدا ساڵانە چەندین خولى جیا لە پسپۆڕییە جیاوازەکان بۆ فێرخوازانى خۆمان و فێرخوازان لە زانکۆکانى دیکە دەکەینەوە، مایەى خۆشحاڵیمانە ئەمڕۆش لەم خولەدا فێرخوازانى زانکۆکانى دیکەى کوردستان بەشداریان لەم خولەى زانکۆکەمان کردوە.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەبارەى چارەسەرى سروشتى ڕایگەیاند: چارەسەرى سروشتى یەکێکە لە بابەتە هەستیارەکان و، گرنگە چارەسەرکارانى سروشتى هەموو کات هەوڵ بدەن ئاستى زانست و زانیارییەکانیان بەتایبەت لە بوارى پراکتیکى زیاتر بکەن، وتیشى دەبێ تەئیکدى زۆر لە ڕاهێنانەکانتان بکەنەوە، چونکە مرۆڤێک ڕاستەوخۆ دێتە بەردەستان و چاوەڕێى چارەسەرە، بۆیە گرنگە ئاگادارى ئەو هەنگاوانە بن کە لە کاتى چارەسەرى دەیگرنەبەر.
لە بەشى کۆتایی مەراسیمەکەدا، لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بڕوانامەى بەشداریکردن و دەرچوون بەسەر یەکە یەکەى بەشداربوانى خولەکەدا دابەش کرا، لە سێیەمین خولى چارەسەرى فیزیایی کە ماوەى پێنچ ڕۆژى خایاند (٤٦) فێرخواز لە زانکۆکانى (موصڵ، گەرمیان، سلێمانى، ڕاپەڕین، هەولێرى پزیشکى و زانکۆى جیهان-هەولێر)و چەند زانکۆیەکى دیکە بەشداریان تێدا کرد و، ڕۆژانە بەشێوەیەکى پراکتیکى ڕاهێنان بەفێرخوازان دەکرا و، وانەکانیان پێشکەش کرا.