
لە زانکۆى جیهان-هەولێر وۆڕکشۆپێکی هۆشیاری دەربارەی شێرپەنجەی مەمک بەڕێوەچوو
- Categories بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی
- Date تشرینی یەکەم 21, 2026
زانیارییە سەرەکییەکان:
لە ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 20/10/2026، بەشی تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى لە زانکۆی جیهان-هەولێر، وۆڕکشۆپێکی هۆشیاریی بە بۆنەی مانگی هۆشیاری دەربارەی شێرپەنجەی مەمک بەڕێوەبرد.
وۆرکشۆپەکە بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆڕ دکتۆر ئەیاد حازم، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ کاروباری زانستی و ژمارەیەک لە سەرۆک بەشەکان و مامۆستایان و فێرخوازان بەڕێوەچوو.
چالاکی پزیشکیی پسپۆڕ
وۆڕکشۆپەکە بە وتاری مامۆستای یاریدەدەر عومەر عادل محەممەد عەلی، سەرۆکی بەشی تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى دەستی پێکرد. پاشان، ئەحمەد ضياء عبد الوهاب، پزیشک و مامۆستای پسپۆڕی تیشکی دەستنیشانکاری، ناوەڕۆکى وۆڕکشۆپە زانستیەکەى بەناونیشانی «شێرپەنجەی مەمک – تیشکی دەستنیشانکاری: ئایا هاوکار دەبێت؟» پێشکەش کرد.
شیکردنەوەی ئامێرە تیشکییەکان و دەستنیشانکردنی وەرەمەکان
لە میانەى وۆڕکشۆپەکەدا، دکتۆر ئەحمەد ضياء عبد الوهاب جۆرەکانی شێرپەنجەی مەمک و بەهای زانستیی ڕێکارەکانی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی خستە ڕوو. هەروەها شیکردنەوەی بۆ ئامێرە تیشکییەکان کرد، لەوانەش مامۆگرافی (Mammography) وەک ئامێری سەرەکیی پشکنینی خولی، گرتنی دەنگەپێل (Ultrasound) بۆ جیاکردنەوەی جۆرەکانی وەرەم و، وێنەگری بە لەرەلەری موگناتیسی (MRI) بۆ حاڵەتە ئاڵۆزەکان.
چالاکیی مەیدانی فێرخوازان
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکانى وۆرکشۆپەکەدا، فێرخوازانی بڵاوکراوەی هۆشیاری و پۆستەری ڕێنماییان دەربارەی هەنگاوەکانی خۆپشکنین دابەشکرد.
وۆڕکشۆپەکە بە دانیشتنێکی ئاڵوگۆڕی پرسیار و وەڵام کۆتایی هات و، لە کۆتاییدا، عومەر عادل محەممەد عەلی، سەرۆکی بەشی وێنەگرتنى تیشکى سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی پێشکەشکار و فێرخوازانی بەشداربوو کرد.



