لە زانکۆى جیهان-هەولێر پێنجەمین کۆنفرانسی زانستى نێودەوڵەتی لە بوارەکانى (بایۆلۆجى پزیشکى و زانستە تەندروستییەکان)، دەستى بەکارەکانى کرد
بەچاودێرى دکتۆر ئارام محەمەد قادر وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی و، بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە توێژەرانى بیانى و ناوخۆى و عێراقى، زانكۆی جیهان – ههولێر بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان لە پۆڵەندا و، کۆلێژی پزیشکی زانکۆی بابل لە عێراق، پێنجەمین کۆنفرانسی زانستى نێودەوڵەتی لە بوارەکانى (بایۆلۆجى پزیشکى و زانستە تەندروستییەکان) دەستپێکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (٦/٣/٢٠٢٤)، بەئامادەبوونى (پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر د.خەتاب ئەحمەد مستەفا) نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان لە پۆڵەندا و، کۆلێژی پزیشکی زانکۆی بابل لە عێراق و، ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ، پێنجەمین کۆنفرانسی زانستى نێودەوڵەتی لە بوارەکانى (بایۆلۆجى پزیشکى و زانستە تەندروستییەکان) بەساتێک ڕێزلێنان بۆ گیانى پاکى شەهیدان و، خوێندنەوەى چەند ئایەتێک لە قورئانى پیرۆز، لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەستى بەکارەکانى کرد.
پاشان پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و میوانان لە دەرەوە و ناوەوەى عێراق و، سەرۆکى زانکۆکان و ڕاگر و مامۆستایان و توێژەران و میوانان، بە بایەخەوە باسى لە توێژینەوەى زانستى کرد و، ڕایگەیاند: زانکۆی جیهان-هەولێر، بە پاڵپشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان و، بە پشتیوانى دەستەی ئەمینداران، هەموو دەرفەتێکمان قۆستۆتەوە بۆ دەوڵەمەندکردن و هاندانی توێژینەوەی زانستی، لەهەمانکاتدا هەموو ئاسانکارییەکمان کردوە بۆ ئەنجامدان و بەرهەمهێنانی توێژینەوەی بەنرخ و ڕەسەن، هەر ئەوەش وایکردوە زانکۆی جیهان- هەولێر لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتیەکان پێشەنگى زانکۆ عێراقى و کوردستانیەکان بێت و، لەسەر ئاستى زانکۆکانى جیهانیش ساڵ دواى ساڵ هەنگاوى بەرەوپێش دەنێت.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ لایەنە جیاکانى کۆنفرانسەکە و ئاشکرایکرد، کە بۆ ئەو کۆنفرانسە زانستیە (190) توێژینەوەی زانستی پێشکەش بە لێژنەی زانستی کۆنفرانس کراوە، دواى هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی لەلایەن کۆمەڵێک پسپۆڕ لە دەرەوە و ناوەوەى عێراق، لە ئەنجامدا (140) توێژینەوەیان پەسندکران و وەرگیراون و، (50)شیان ڕەتکراونەتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕونکردنەوەى زیاترى خستەڕوو و وتى: لەنێو ئەو توێژینەوانەى پەسندکراون، (23)یان لە زانکۆکانی (بەریتانیا، ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا، سوید، پۆڵەندا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، مالیزیا، تورکیا، مەغریب، پاکستان، ئوردن، هیندستان، ئێران، ئەسیوپیا، سوریا و، یەمەن)ن، لەناو هەرێمی کوردستان و عێراق (117) توێژینەوەى زانستى بۆ کۆنفرانس پەسندکراون. وتیشى سەرجەم ئەو توێژینەوانە دابەشکراونەتە سەر (6) تەوەر کە بریتین لە (وردبینى میکرۆبی و ڕەوتی توێژینەوە، داهێنانەکان لە زانستى بایۆمیدیکاڵ، نۆێگەرى لە بواری تەندروستی گشتی و خۆراک، پێشکەوتن لە تەکنەلۆژیای شیاندن و چارەسەرکردن، پەرەپێدانی دەرمان و دۆزینەوەی دەرمان، تەکنەلۆژیای مۆدێرن لە تەندروستی ددان و دەم).
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ لایەنە گرنگەکانى دیکەى کۆنفرانسەکە و ڕایگەیاند: هەر لەم کۆنفرانسەدا (8) قسەکەرى سەرەکی نێودەوڵەتی (Keynote speakers) لە (بەریتانیا، پۆڵندا، ئیتاڵیا، مالیزیا، تورکیا و هیندستان) وتار پێشکەش دەکەن، شانبەشانی (2) پسپۆڕی ناوخۆیی تایبەتمەند لە بواری زانستى بایۆلۆجى پزیشکى و زانستە تەندروستییەکان.
لە کۆتایی وتارەکەیدا؛ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، بەناوى زانکۆی جیهان- هەولێر و، وەک سەرۆکى لێژنەى باڵاى کۆنفرانس سوپاسی ئەو هەوڵانەى کرد، کە بۆ سەرخستنی ئەم بۆنە گرنگە دراون بۆ ئەو مەبەستەش سوپاسى لێژنەکانى (زانستى و ئامادەکارى کۆنفرانس، کارگێڕى و دارایى، ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، تەکنەلۆژیاى زانیارى، پێشوازى و ڕێکخستنى هۆڵەکانى کۆنفرانس)، هاوکات سوپاسى توێژەرانى کرد، کە بە توێژینەوە بەنرخەکانیان بەشداری کاریگەریان لە کۆنفرانسەکەدا کردوە و، تەوەرەکانى کۆنفرانسەکەیان دەوڵەمەندتر کردوە.
دواتریش دکتۆر نەوزاد باجر سەرۆکى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان وتارێکى خوێندەوە، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى ئامادەبووان، هیواى خواست گرنگى زیاتر بە توێژینەوەى زانستى بدرێ، چونکە وڵاتان و کۆمەڵگەکان تەنها لە ڕێگەى توێژینەوەى زانستى پێشکەوتوون، بۆ ئەو مەبەستەش پشتیوانى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهانى بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى کاریگەر دووپاتکردەوە.
لە بەشێکى دیکەى کۆنفرانسەکەدا، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون بە نوێنەرایەتى دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەش کرد، لە سەرەتاى وتارەکەیدا بەناوى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەبەڕێوەچوونى پێنجەمین کۆنفرانسی زانستى نێودەوڵەتی لە بوارەکانى (بایۆلۆجى پزیشکى و زانستە تەندروستییەکان).
پاشان بە گرنیگەوە باسى لە پێگەى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و ڕایگەیاند: وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی زانکۆی جیهان-هەولێر دەکەم، کە ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو چ لەسەر ئاستی هەرێم و، چ لەسەر ئاستی عێراقیش پلەی یەکەمی نێو زانکۆ تایبەتەکانی بەدەستهێنا لە ڕیزبەندییە جیهانییەکانی سایتەیشن و وێباسینسی نێودەوڵەتی، هەروەها لە ڕیزبەندی نێودەوڵەتی ئەدای ئەکادیمی زانکۆکان دیسان زانکۆی جیهان پێشەنگی زانکۆ تایبەتەکان بوو لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە بەڕێزان سەرۆکی زانکۆ و ئەنجومەنی زانکۆی جیهان و سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانییان بکەم بۆ ئەو دەستکەوتە زانستییە گرنگ و بڕبایەخەیان کە بەدستییان هێناوە، هیوادارم هەمیشە سەرکەوتوو بن و هەمیشە پێشەنگی زانکۆکان بن.
د.خەتاب ئەحمەد مستەفا بەشێکى دیکەى تەرخانکرد بۆ لایەنە گرنگەکانى کۆنفرانسەکە و بۆ ئەوەش ووتى: وەک لای ئێوەی بەڕێز و توێژەر و مامۆستایان زۆر ڕوونە، کە سێکتەری تەندروستی تایبەتمەندێتی خۆی هەیە و زۆر جیاوازە لە سێکتەرەکانی تر، لە سێکتەری تەندروستیدا لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێوچەیی و جیهانی گرفت و ئاڵنگارییەکان هاوبەشن، بۆیە ئامانجەکان و پاپەندبونەکانیش دەبێت هاوبەش بن. بۆ ئەو مەبەستەش نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى نموونەى بە بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا هێنایەوە، کە چۆن لەسەرتاسەری جیهان بڵاوبوەوە و، هەموو سنورەکانی بڕی و کاریگەرییەکانی گەیشتە هەموو شوێن و سوچو گۆشەیەکی گۆی زەوی، وتیشى ئەمە ئەو ڕاستییەی بۆمان دوپاتکردەوە کە بۆ بەرەنگاربونەوەی قەیران و ئاڵنگارییە تەندروستییەکان پێویستە هەموومان یەک دیدگای هاوبەشمان هەبێت و بەیەکەوە بەشداربین لە دۆزینەوەی چارەسەرییەکان، هەموومان پاپەندبونی بەکۆمەڵمان لەسەرشانە لە پێشخستن و فراوانکردنی سنورەکانی توێژینەوە بۆ باشترکردن و بەرەوپێشبردنی سێکتەری تەندروستی و ژیاندروستی لە سەرانسەری جیهان، لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش ئەڕک و ڕۆڵی گەورە و گرنگ دەکەوێتە سەرشانی ئێوەی توێژەرانی بواری زانستەکانی بایۆلۆجی و پزیشکی و تەندروستییەکان.
پاشان دکتۆر کازم الحمدانى ڕاگرى کۆلێژى پزیشکى زانکۆى بابل وتارى سەرۆکایەتى زانکۆى بابلى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى ئەوەى کورتە باسێکى لە بارەى زانکۆکەیان پێشکەشکرد، ئینجا بە گرنیگەوە باسى لە پێنجەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى لە بوارى (بایۆلۆجى پزیشکى و زانستە تەندروستیەکان) کرد، بە وێستگەیەکى گرنگى کۆبونەوەى زانستى بۆ تاوتوێکردنى بوارە جیاوازەکانى بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان کرد.
دواتریش پڕۆفیسۆر دکتۆر زاسادە (Pro.Dr.Zazda) زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان لە پۆڵەندا پەیامێکى تۆمارکراوى ڤیدیۆى پێشکەش بە کۆنفرانس کرد و، وتى: ئامانجی کۆنفرانسەکە ئاسانکارییە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و دەرئەنجامەکانی توێژینەوە لە بوارە جیاوازەکانی بایۆلۆجى پزیشکى و زانستە تەندروستییەکان، هەروەها چالاکییەکەی ئەمڕۆ بەڵگەیە لەسەر ئەو هاوکارییەی کە چەند ساڵێک لەمەوبەر دەستمان پێکردوە.
دواى پێشکەشکردنى وتارەکان بەرنامەى کارى کۆنفرانس دەستپێکرد، واش بڕیارە لە ماوەى دوو ڕۆژدا سەرجەم توێژینەوە زانستیەکان بخرێنەڕو و، لەلایەن توێژەرانەوە گفتوگۆى زانستیان لەبارەوە بکرێت.