
لە زانکۆى جیهان-هەولێر کۆڕبەندێک لەبارەی پرسی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەڕێوەچوو
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date ئەیلوول 12, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 09/09/2026، لە زانکۆی جیهان-هەولێر، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی زەکاتی زانست بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی پەروەردە، مامۆستایان، شارەزایان و پسپۆڕانی بواری پەروەردە، ئەنجامەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی و ڕێژەی دەرچووان تاوتوێ کران.
لەو چوارچێوەیەدا، پڕۆفیسۆر د. ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، دەزگایەک بە ناوی “دامەزراوەی زەکاتی زانست” بە مۆڵەتی فەرمییەوە دامەزراوە و ماوەی ساڵ و نیوێکە کار دەکات. سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕوونی کردەوە کە زەکات تەنها بەخشینی مال نییە، بەڵکو لایەنى دیکەشى هەیە، بۆ نمونەکۆمەڵێک مامۆستا و هەڵگری بڕوانامەى بەرز؛ توانا و زانستێکی زۆریان هەیە کە دەتوانن بە شێوەی خۆبەخشانە بڵاوی بکەنەوە، بۆیە لە ڕێگەی ئەم دەزگایەوە و بەپێی سیستم و پەیڕەوێکی ناوخۆیی، کارەکانمان ڕێکخستووە.
لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا، پڕۆفیسۆر د. ئەمجەد سابر دەلۆ باسی لەوە کرد کە ساڵانە کۆنفرانس و چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن و، ئێستاش لە زانکۆ، پەیمانگە و قوتابخانەکانی جیهاندا کۆمەڵێک تیم بە شێوەیەکی خۆبەخشانە لەم پڕۆسەیەدا کار دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکی دەستەی ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانی جیهان ئاماژەی بە گرنگیی گۆڕینی کاری خۆبەخشی و فێرکاری بە بەشێک لە کەلتور کرد. بۆ ئەوەش داوای لە مامۆستایان، ئەکادیمیستان و خاوەن پیشە جۆراوجۆرەکان کرد زانست و زانیارییەکانیان ببەخشنە ئەوانەی پێویستیان پێیەتی، بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە و جێبەجێکردنی دیدگای هێنانی کۆمەڵگە بۆ ناو زانکۆ و بردنی زانکۆ بۆ ناو کۆمەڵگە.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، ئامادەبووان و بەشداربووان ڕا و سەرنجەکانی خۆیان لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە خستە ڕو و، دوای تاوتوێکردنی لایەنە جیاوازەکان، کۆمەڵێک پێشنیاز و ڕاسپاردەیان گەڵاڵە کرد.



