لە زانکۆى جیهان-هەولێر یادى ڕۆژى جیهانى مامۆستایان کرایەوە
بۆ بەرزنرخاندنى ڕۆڵى مامۆستایان لە بونیادنانى کۆمەڵگە و، ڕێزلێنان لە خەبات و خزمەتى مامۆستایان، لە ڕۆژى جیهانى مامۆستایان، لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێکخستنى مەراسیمێکى شایستە یادى ئەو ڕۆژە جیهانیە کرایەوە.
ڕۆژى (١٠/٥)ى هەموو ساڵێك تایبەت کراوە بە ڕۆژى جیهانى مامۆستایان، لەو ڕۆژەدا لەزۆربەى وڵاتانى جیهان لەلایەن دامەزراوە زانستى و ناوەندە ئەکادیمى و پەروەردەییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێوڕەسمى جیا و شایستە بەپێگە و پیرۆزى مامۆستایان سازدەكرێت و ڕێز لە مامۆستایان دەگیرێت و خەڵات دەكرێن.
لەو چوارچێوەیەدا و، بەئامادەبوونى دکتۆر نەوازد یەحیا باجگر سەرۆكی ئەمیندارییەتی زانكۆكانی جیهان و، مامۆستا عەبدولواحید محەمەد سەرۆکى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان و جێگرى سکرتێر و ژمارەیەک لە ئەندامانى یەکێتیى مامۆستایان و، ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایان لە هۆڵى کۆنفرانسەکان، بەهاوکارى سێنتەرى ڕۆشنبیرى، زانکۆى جیهان-هەولێر مەراسیمێکى شایستەى ڕێکخست.
لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى مەراسیمەکەدا، چەند وتەیەک پێشکەشکران، لە وتەکاندا دواى پیرۆزبایکردنى ئەو ڕۆژە جیهانیە لە مامۆستایان باسى لە ڕۆڵ و پێگەى مامۆستا لە کۆمەڵگە و ناوەندەکانى خوێندن کرا، جەخت لەسەر ئەوەش کرایەوە کە مامۆستایان ڕێبەرى کۆمەڵگەن و ئەرکێکى پێرۆز و گەورەیان لە ئەستۆیە بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگە لە بوارە جیاوازەکان.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا چەند چالاکیەکى هونەرى و نمایشکردنى شانۆگەریەک پێشکەشکرا، کە باسى لە ڕۆڵى ڕابردوى مامۆستا لە پێگەیاندنى فێرخوازان لەناو پۆلدا دەکرد.
لە بەشى کۆتایى مەراسیمەکەدا، خەڵاتى ڕێزلێنان پێشکەش بەو مامۆستایانە کرا، کە تەمەنى خۆیان پێشکەشى پێگەیاندنى نەوەیەکى هۆشیار بۆ داهاتوى کۆمەڵگە کرد، هەر لەو یادەدا پیشانگەیەکى شێوەکارى ئەو مامۆستایانە نمایش کرا، کە لە ڕابردودا خزمەتیان بەکۆمەڵگە و ناوەندە پەروەردەییەکان کردوە، بەدابەشکردنى کتێبى (مامۆستا ئەڵێ) لە نوسینى دکتۆر نەوازد یەحیا باجگر سەرۆكی ئەمیندارییەتی زانكۆكانی جیهان بەسەر ئامادەبووان کۆتایى بەو یادە هات.