لە زانکۆی جیهان-هەولێر خولێکی ڕاهێنانی پسپۆڕی لەسەر کارامەییەکانی “دروونی برین” بۆ فێرخوازانی بەشەکانى پەرستاری بەڕێوەچوو
- Categories بەشی پەرستاری تەندروستی كۆمەڵ
- Date حوزهیران 21, 2026
بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی لێهاتوویی کلینیکی و کارامەیی فێرخوازان لە مامەڵەکردن لەگەڵ برینەکاندا، بەشی پەرستاریی تەندروستیی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، خولێکی ڕاهێنانی زانستیی دوو ڕۆژەی لەسەر “کارامەییەکانی دروونی برین” بەڕێوەبرد.
لەو خولى ڕاهێنانەدا کە بۆ ماوەى دوو ڕۆژ لە ڕێکەوتی ١٧ تا ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بەڕێوەچوو. فێرخوازانی بەشەکانى پەرستاری لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی شەقڵاوە و فێرخوازانى بەشى پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارییان تێدا کرد، کە تێیدا دەرفەتێکی ناوازە بۆ فێرخوازان ڕەخسا تاوەکو زانیارییە تیۆرییەکانیان لە ژینگەیەکی تاقیگەیی پیشەیی و پسپۆڕیدا پەرە پێ بدەن.
خولەکە لە تاقیگەکانی “بنەماکانی پەرستاری” و “پەرستاریی دایک و منداڵ” لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (زەین زفنکەی) سەرۆکی بەشی پەرستاریی تەندروستیی کۆمەڵ بەڕێوەچوو. ئەرکی پێشکەشکردنی وانە و ڕاهێنانەکان لە لایەن هەریەک لە (ئومێد سەلام، کەوسەر شەهاب و باران جومعە) ئەنجامدرا، کە تێیدا زنجیرەیەک سیمیناری زانستی و چالاکى پراکتیکیی تێروتەسەلیان بۆ بەشداربووان پێشکەش کرد دەربارەی نوێترین تەکنیکەکانی دروونی نەشتەرگەری و شێوازەکانی پاراستنی برین لە هەوکردن.
لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەى خولەکەدا، بەشداربووان ڕاهێنانی چڕوپڕیان لەسەر چەندین بابەت وەرگرت، لەوانە: پۆلێنکردنی برینەکان، ناسینی جۆرەکانی تەقەڵ و کەرەستەکانی دروون، ڕێکارەکانی ئامادەکردنی شوێنی برین و تەکنیکە جیاوازەکانی داخستنی برین، لەگەڵ تیشکخستنە سەر ئەو کێشانەی ڕەنگە لە دوای دروون دروست بن. هاوکات خولەکە چەندین نمایشی ڤیدیۆیی و چالاکیی کارلێکەری لەخۆگرتبوو، جگە لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی پێشوەختە و کۆتایی بۆ پێوانەکردنی ئاستی سوودمەندیی فێرخوازان.
لە لایەنی پراکتیکی ڕاهێنانەکەشدا ڕێگەی بە فێرخوازان درا بە چاودێری پسپۆڕان مەشقی ڕاستەوخۆ بکەن، کە ئەمەش بووە مایەی بەهێزکردنی متمانەبەخۆبوونیان و بەرزکردنەوەی کارامەیی کلینیکییان وەک بەشێکی گرنگ لە کاری پەرستاریی ڕۆژانە.
لەکۆتایی خولەکەدا بڕوانامەی بەشداریکردن و ڕێزلێنان بەسەر فێرخوازە لێهاتووەکان دابەش کرا، کە تێیدا بەشداربووان سوپاس و پێزانینی خۆیان پێشکەشى زانکۆی جیهان-هەولێر کرد بۆ دابینکردنی ئەم جۆرە ڕاهێنانە ئاستبەرزانە.



