لە زانکۆی جیهان-هەولێر خولێکی ڕاهێنان لەسەر کارامەییەکانی دورینەوە بۆ فێرخوازانى مامانى بەڕێوەچوو
- Categories بەشی پەرستاری تەندروستی كۆمەڵ
- Date تەممووز 4, 2026
سەرۆکایەتى بەشی پەرستاریی تەندروستی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، خولێکی ڕاهێنانی چڕی دوو ڕۆژەی بە ناونیشانی “کارامەییەکانی دوریینەوە و تەقەڵلێدان (Suturing Skills Training Program)” بۆ فێرخوازانى بەشی مامانی لە ڕێکەوتی ١-٢ی تەممووزی ٢٠٢٦ بەسەرکەوتوویی بەڕێوەبرد.
لەم خولەدا، ژمارەیەک لە فێرخوازانى بەشەکانى مامانى لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی شەقڵاوە بەشدار بوون، ئەم ڕاهێنانە لە تاقیگەکانی “بنەماکانی پەرستاری” و “پەرستاری دایکایەتی و منداڵان” لە ناو کەمپەسی زانکۆى جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (ژین زیفنکی)، سەرۆکی بەشی پەرستاریی تەندروستی کۆمەڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو.
بەرنامەی خولەکە لەلایەن مامۆستایان (ئومێد سەلام، کەوسەر شەهاب و، باران جومعە) بەشێوەیەکى تیورى و پراکتیکى ڕۆژانە پێشکەش بە بەشداربوان دەکرا و، تێیدا تیشک خرایە سەر چەندین لایەنى گرنگ، لەوانە: پۆلێنکردنی برینەکان، ئاشنابوون بە کەرەستە و ئامێرەکانی تەقەڵلێدان، ئامادەکردنی برین بۆ دوورینەوە، جۆرە جیاوازەکانی تەقەڵلێدان و، چۆنیەتی ڕێگریگرتن و بەڕێوەبردنی لێکەوتە نەخوازراوەکانی دوای تەقەڵلێدان.
بەمەبەستی بەدەستهێنانی باشترین ئەنجامی فێربوون، خولەکە چەندین شێوازی فێرکاریی هاوچەرخی گرتەبەر، وەک: وانەی کارلێکەر (Interactive Lectures)، ڤیدیۆی فێرکاری، نمایشی ڕاستەوخۆ و، مەشقی دەستی (Hands-on practice) لە تاقیگەدا. هەروەها هەڵسەنگاندنی پێشوەختە و کۆتایی بۆ بەشداربووان ئەنجامدرا، ئەمەش یارمەتیدەر بوو لە پەرەپێدانی توانستە کلینیکییە بنەڕەتییەکانی فێرخوازان لە ژینگەیەکی زانستیی گونجاودا.
لە کۆتایی خولەکەدا، لە ڕێوڕەسمێکدا بڕوانامەی بەشداریکردن بەسەر فێرخوازاندا دابەشکرا. هەروەها فیدباک و پێشنیاری بەشداربووان وەرگیرا بە مەبەستی پەرەپێدانی خولەکانی داهاتوو. چالاکییەکە بە گرتنی وێنەیەکی بەکۆمەڵ وەک هێمایەک بۆ هەماهەنگی نێوان دامەزراوە ئەکادیمییەکان کۆتایی هات.



