فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە وڵاتی نەمسا ئاشنای لایەنی مێژوویی و کەلتووریی وڵاتەکە دەبن
- Categories بــەشى بایۆمیدیکەڵ, بەشی پەرستاری تەندروستی كۆمەڵ, بەشی تـەکـنـیـکـی سـڕکــردن
- Date حوزهیران 30, 2026
لە پەراوێزى بەشداریکردنیان لە زانکۆی پالاجکی لە خولێکی ڕاهێنانی پێشکەوتوودا دەربارەی بنەماکانی “تەندروستی، سەلامەتی و ژینگە (Health, Safety and Environment – HSE) ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٢٠٢٦/٦/٢٥) و، لە چوارەمین ڕۆژی پڕۆگرامی گەشتە زانستی و نێودەوڵەتییەکەیاندا بۆ ئەوروپا، فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی وڵاتى نەمسایان کرد.
لە میانەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر گرنگترین مۆزەخانە و شوێنەوارە مێژووییەکانی شاری ڤیەننای پایتەختی وڵاتی نەمسایان بەسەرکردەوە و ، لە نزیکەوە ئاشناى مێژووی دێرین و پەرەسەندنی شارستانی و هونەریی یەکێک لە گرنگترین پایتەختە کەلتوورییەکانی ئەوروپا بوون، بەوەش جگە لە لایەنی زانستی، لە میانەى گەشتەکەیان فێرخوازان توانیان ئەزموونێکی مەیدانیی دەوڵەمەند لە دەرەوەی هۆڵەکانی خوێندن بەدەست بهێنن.
ئەم گرووپەی فێرخوازان کە پێکهاتبوون لە: (مینا حوسێن کەریم) فێرخوازی قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ، (کامگار سەرهەنگ مستەفا) و (ئیسماعیل قادر عەزەت) فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی تەکنیکی سڕکردن، لەگەڵ (هەردی عوبەید ڕەفیق) دەرچووی بەشی پەرستاریی تەندروستیی کۆمەڵ، لە نزیکەوە بەدواداچوانیان بۆ چەندین وێستگەی گەشەسەندنى شارستانیی ڤیەننا کرد. فێرخوازان لە میانی بەسەرکردنەوەی مۆزەخانەکاندا، ئاشنای ئەو پارچە دەگمەن و دۆکۆمێنتە مێژووییانە بوون کە گوزارشتیان لە گەشەسەندنی هونەر و، لایەنى تەلارسازی و زانست لە ئەوروپای ناوەڕاستدا دەکەن.
فێرخوازانی بەشداربوو جەختیان لەوە کردەوە کە بینینی ئەم شوێنەوارانە و تێکەڵبوون بە ژینگەی نێودەوڵەتی، بۆتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ برەودان بە ژیانی ئەکادیمی و پیشەییان داهاتوودا.



