بە مەبەستی دروستکردنی پردی هاوکاریی زانستی و تەکنەلۆژی، مامۆستای یاریدەدەر (لانا شەهاب ئەحمەد) مامۆستا لە بەشى ئەندازیارى تەلارسازى لە چوارچێوەى سەردانەکەیدا لە کۆمارى میللى چین؛ وەک نوێنەری زانکۆی جیهان-هەولێر، لە ڕێکەوتی ٩ی تەممووزی ٢٠٢٦ سەردانی “پەیمانگەی فۆجین بۆ داهێنانی توێژینەوە (Fujian Innovation Research Institute)“ی کرد.
بەگەیشتنى، لەلایەن خاتوو (پان شیوێن) جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەیمانگە و (ژانگ هوا) بەڕێوەبەری سەنتەری فۆجین بۆ گواستنەوەی دەستکەوتە زانستییەکان، پێشوازیی لێکرا. لە میانەى کۆبوونەوەیەکەدا گفتوگۆ دەربارەی ئاسۆکانی هاوکاریی نێوان “گرووپی جیهان“، “حکومەتی هەرێمی کوردستان” و “پەیمانگەی فۆجین“. کرا.
هاوکات هەر لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستیی هاوبەش، گواستنەوەی تەکنەلۆژیا، و ڕەخساندنی دەرفەتی ڕاهێنانی پیشەیی بۆ کادرانی ئەندازیاری کرا.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، پەیمانگەی فۆجین دوایین بڵاوکراوەی توێژینەوە زانستییەکانی وەک دیاری پێشکەش بە مامۆستاکەى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، هەردولا جەختیان لەسەر گرنگیی بنیاتنانی هاوبەشییەکی درێژخایەن کردەوە کە خزمەت بە پەرەپێدانی زانستی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای فۆجین بکات.