مامۆستایانى بەشەکانى کارگێڕى کار و، یاسا سەردانی تاقیگەی نیشتمانیی سیستمی هێڵی ئاسنیان لە کۆمارى میللى چین کرا
- Categories بەشی كارگێڕی كار, بەشی یاسا
- Date تەممووز 21, 2026
لە چوارچێوەی بەردەوامى پڕۆگرامی ڕاهێنانی ئەکادیمیی نێودەوڵەتی لە کۆماری میللیی چین، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٦، دکتۆر عومەر زوبێر زاهیر، سەرۆکی بەشی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و، مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محەمەد قادر لە بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانی “تاقیگەی سەرەکیی دەوڵەت بۆ سیستمی ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی هێڵی ئاسن (State Key Laboratory of Rail Transit Vehicle System)“یان لە شاری چێنگدوو کرد.
لە کاتی گەیشتنیاندا، شاندی زانکۆ لەلایەن پڕۆفیسۆر جیانگ خوێجیایۆ (Professor Jiang Xuejiao)، مامۆستا لە تاقیگەکە پێشوازییان لێکرا، کە کورتەیەکی دەربارەی مێژوو و گەشەسەندن و دەستکەوتە توێژینەوەییەکانی تاقیگەکە پێشکەش کردن. پڕۆفیسۆر جیانگ خوێجیانۆ (Professor Jiang Xuejiao) ڕوونی کردەوە کە ئەم تاقیگەیە لە ساڵی ١٩٨٩ دامەزراوە و، ڕۆڵێکی بنەڕەتی هەبووە لە پێشخستنی توێژینەوە و داهێنان لە تەکنەلۆژیای گواستنەوەی هێڵی ئاسنی چیندا.
لە میانی بەسەرکردنەوەکەدا، مامۆستایانی زانکۆ ئاشنای پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و بوارەکانی توێژینەوەی تاقیگەکە بوون، کە چەندین سەکۆی تاقیکردنەوەی پێشکەوتووی تێدایە، وەک: سیستمی تاقیکردنی ماندوێتی چوارچێوەی بوگی (Bogie Frame Fatigue Test Rig) بۆ هەڵسەنگاندنی سەلامەتی پێکهاتەی شەمەندەفەر و، سیستمی تاقیکردنەوەی هێزی ڕاکێشان و ئیستۆپ لە بارودۆخە جیاوازەکاندا. هەروەها ئاشنای پڕۆژەکانی پەرەپێدانی “شەمەندەفەری خێرا” بوون، کە تێیدا کار لەسەر دابینکردنی سەلامەتی و سەقامگیری و کارایی زیاتر لە گواستنەوەی مۆدێرندا دەکرێت.



