مامۆستایانی بەشەکانى (یاسا و، کارگێڕى کار) بەشدارى لە چالاکیەکى تایبەت بە ئابووری، کەلتوور و بازرگانیی نێودەوڵەتیی کۆمارى میللى چین دەکەن
- Categories بەشی كارگێڕی كار, بەشی یاسا
- Date تەممووز 12, 2026
مامۆستایانی بەشەکانى (یاسا و، کارگێڕى کار)ى زانکۆی جیهان – هەولێر لە ڕۆژی (2026/07/11)، لە چوارچێوەى پرۆگرامى گەشتە زانستیەکەیان لە کۆمارى میللى چین، بەشدارییان لە سیمینارێکی زانستیی بە ناونیشانی «ئابووری، کەلتوور و بازرگانی نێودەوڵەتیی چین» کرد.
ئەم چالاکیە زانستیەکە، کە لەلایەن زانکۆی Southwest Jiaotong University لە شاری چێنگدوو بەڕێوەچوو. لە زانکۆی جیهان – هەولێر هەریەک لە دکتۆر عومەر زوبێر ظاهر، سەرۆکی بەشی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و، مامۆستای یاریدەدەر هیڤی محمد قادر لە بەشی کارگێڕى کار بەشداریان کرد، هاوکات نوێنەرانی حەوت وڵاتی دیکە بەشداری چالاکیەکەیان کرد.
سیمینارەکە لەلایەن پرۆفیسۆر Li Hai، مامۆستای زانکۆی Southwest Jiaotong University، پێشکەش کرا. لە وانەکەیدا، باسى لە مێژووی شارستانی و کەلتووری چین، گەشەی ئابووریی ئەم وڵاتە و قۆناغە سەرەکییەکانی گواستنەوەی بۆ یەکێک لە گەورەترین ئابوورییەکانی جیهان کرد. هەروەها، ئاماژەی بە سیاسەتە ئابوورییەکان کرد کە ڕۆڵێکی کاریگەر لە پشتگیری گەشەی بەردەوام و فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی چین لەگەڵ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان هەبووە.
لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا، پرۆفیسۆر Li Hai ڕوونکردنەوەیەکی وردی سەبارەت بە سیستمی سیاسی و کارگێڕی کۆماری خەڵکی چین پێشکەش کرد و، ڕۆڵی پلاندانانی ستراتیژی و چاکسازییە ئابوورییەکان لە بەدەستهێنانی گەشەی گشتگیر خستە ڕوو. هەروەها، گرنگی کەلتووری چینی و کاریگەریی لەسەر ژینگەی بازرگانی، هەروەک ڕۆڵی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و هاوکارییە ئابوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان، باسکرا.
سیمینارەکە بە گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی زانستی نێوان بەشداربووان کۆتایی هات، لەسەر ئەزموونی چین لە بواری گەشەی ئابووری و بازرگانیی نێودەوڵەتی، هەروەها چۆنیەتی سوودوەرگرتن لەو ئەزموونە بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە ئەکادیمی و ئابوورییەکان لەنێوان دامەزراوە خوێندنییەکان و وڵاتە بەشداربووەکان.



