مامۆستایانی زانکۆی جیهان – هەولێر لە کۆمارى میللى چین بەشدارى لە خولێکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتى تایبەت بە بازرگانی و هاوکارییە ئابوورییەکان دەکەن
- Categories بەشی كارگێڕی كار, بەشی یاسا
- Date تەممووز 11, 2026
لە میانەی ستراتیژى زانکۆى جیهان-هەولێر و، بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە ئەکادیمییەکان و کردنەوەی دەروازە بۆ ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان دوو مامۆستای زانکۆ لە (2026/07/10) بەشداری لە خولێکی نێودەوڵەتی تایبەتمەند دەکەن، کە لە وڵاتی چین لە شاری چێنگدو (Chengdu) بەڕێوەدەچێت.
لەم خولەدا دکتۆر عمر زوبێر زاهر، سەرۆکی بەشی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و، مامۆستای یاریدەدەر هیڤی محمد قادر لە بەشی کارگێڕی کار، وەک نوێنەرى زانکۆی جیهان – هەولێر بەشداریان کردوە، جگە لەوەش نوێنەرانی فەرمی لە حەوت وڵاتی تری جیهان بەشداریان کردوە، خولەکە سەرنج دەکاتە سەر بوارەکانی بازرگانی نێودەوڵەتی، وەبەرهێنان، گواستنەوە، لۆجستیک و هاوکاریی ئابووری و، تیایدا بەشداری کۆمەڵێک سیمیناری زانستی و خولی راهێنانی تایبەتمەند دەکەن، کە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت.
ئەم خولە لەلایەن زانکۆی ساوث وێست جیاوتۆنگ (Southwest Jiaotong University) لە شاری چێنگدو (Chengdu) لە پارێزگای سێچوان (Sichuan Province) لە کۆماری چین ڕێکخراوە، بە هاوبەشی ئەکادیمیای بەرپرسانی بازرگانی نێودەوڵەتی (Academy for International Business Officials – AIBO) سەر بە وەزارەتی بازرگانی کۆماری چین (Ministry of Commerce, P. R. China).
خولەکە چەندین بابەتی ستراتیژی گرنگ لەخۆدەگرێت، لەوانە دەستپێشخەری ڕێگای ئاوریشم (Silk Road Initiative)، بازرگانی نێودەوڵەتی (International Trade)، وەبەرهێنان (Investment)، گواستنەوە (Transportation)، خزمەتگوزارییە لۆجستیکییەکان (Logistics)، زنجیرەکانی دابینکردن (Supply Chains)، و پەرەپێدانی ئابووری و هاوکاریی ئابووری نێودەوڵەتی (International Economic Cooperation and Economic Development).
لە پە راوێزى خولەکەشدا بەشداربووان ئاشناى ئەزموونی چین لە بوارەکانی پەرەپێدانی ژێرخانەکان، بەڕێوەبردنی سیستمە نوێکانی گواستنەوە، بەرزکردنەوەی کارامەیی خزمەتگوزارییە لۆجستیکییەکان و، ڕۆڵی وەبەرهێنان و بازرگانی نێودەوڵەتی لە پشتگیریکردنی گەشەی ئابووری و بەستنەوەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێن.
ئەم خولە بە خشتەیەکی ڕاهێنانی چڕ ناسراوە کە وانە، سیمینار و وۆرکشۆپی ڕۆژانە لەخۆدەگرێت کە دەگاتە هەشت کاتژمێر، و لەلایەن ژمارەیەک لە ئەکادیمی، شارەزا و پسپۆڕانەوە پێشکەش دەکرێت، بە مەبەستی بەهێزکردنی تواناکانی بەشداربووان و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەسەر باشترین شێوازە نێودەوڵەتییەکان لە بوارە ئابووری، کارگێڕی و پەرەپێدان.



