مامۆستایەکى بەشى شیکارى تاقيگەی پزيشكی، بەشداری لە چالاکیەکى زانستیی کۆمپانیاى (EDAN) تایبەت بە تەکنەلۆجیا دەکات
- Categories بەشی شیكارى تاقیگەی پزیشکی
- Date ئاب 16, 2026
ڕۆژی هەینی ڕێککەوتی 14/08/2026، مامۆستاى یاریدەدەر سالی خلیل باقر لە بەشى شیکارى تاقيگەی پزيشكی لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بەشداری لە سیمینارێکی زانستیی کۆمپانیای (EDAN) کرد، کە لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی هۆتێل نیو سێنتری لە شاری پەکین بەڕێوەچوو.
ئەم سیمینارە وەک بەشێک لە بەرنامەی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی ملی منداڵدان ئەنجام درا. لە سیمینارەکەدا، نمایشێکی زانستی دەربارەی سیستمەکانی (EDAN) بۆ نازۆر و وێنەگرتنی پزیشکیی (Endoscopy Systems) پێشکەش کرا. هاوکات تیشک خرایە سەر گرنگیی ئەم ئامێرانە لە هەڵسەنگاندنی گۆڕانکارییە نائاساییەکانی ملی منداڵدان و برینە پێش-شێرپەنجەییەکان (Precancerous Lesions).
هەر لەو چوارچێوەیەدا، باس لەوە کرا کە چۆن ئەم تەکنەلۆژیایە دوای دەرچوونی ئەنجامی نائاسایی لە پشکنینەکانی (HPV) یان (Pap Smear) بەکاردێت بۆ دیاریکردنی ناوچە گوماناوییەکان و وەرگرتنی نموونەی نسیجی (Biopsy)، لە لایەکی دیکەوە، خەسڵەتە تەکنیکییەکانی وەک وێنەی (Ultra HD) و ڕێکخستنی زیرەکی فۆکس (Intelligent Focus Adjustment) خرانە ڕو، کە دەبنە هۆی نیشاندانی وردەکارییەکان بە ڕوونییەکی زۆرەوە. ئەم بابەتە زانستییانە جەختیان لەسەر ڕۆڵی ئەم تەکنەلۆژیایانە کردەوە لە دەستنیشانکردنی پێشوەختە بەر لەوەی نەخۆشییەکە بگاتە قۆناغی مەترسیدار.
لە کۆتایی سیمینارەکەدا، بەشداربووان دەربارەی ڕێگە نوێیەکانی چارەسەر و بەکارهێنانی ئەم ئامێرانە لە کلینیکەکانی نەخۆشییەکانی ژناندا گفتوگۆیان ئەنجام دا، کە تێیدا چەندین پێشنیاز بۆ بەهێزکردنی بەرنامەکانی پشکنینی پێشوەختە خرانە ڕو.



