مامۆستایەکى بەشى شیکارى تاقيگەی پزيشكی؛ سەنتەرى دەستنیشانکردنی مۆلیکولاری کلینیکی لە کۆمارى میللى چین بەسەردەکاتەوە
- Categories بەشی شیكارى تاقیگەی پزیشکی
- Date ئاب 8, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 05/08/2026، مامۆستاى یاریدەدەر سالی خلیل باقر، مامۆستا لە بەشى شیکارى تاقيگەی پزيشكی لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بەشداری لە سەردانێکی زانستیی مەیدانیدا بۆ سەنتەری دەستنیشانکردنی مۆلیکولاری کلینیکی (Clinical Molecular Diagnostic Center) کرد، کە یەکەمین نەخۆشخانەی سەر بە زانکۆی چۆنگچینگى پزیشکییە لە کۆمارى میللى چین.
ئەم سەردانە وەک بەشێک لە خولی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی لەسەر پشکنین، دەستنیشانکردنی پێشوەختە و چارەسەرکردنی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بەڕێوەچوو، کە تێیدا لەلایەن دکتۆر لی وانگ (Dr. Li Wang) توێژەری یاریدەدەر لە سەنتەرەکە پێشوازییان لێ کرا.
لە میانی ئەم سەردانەدا، دکتۆر لی وانگ سەرەتا پوختەیەکی دەربارەی چالاکییەکانی سەنتەرەکە و ڕۆڵی لە جێبەجێکردنی تەکنەلۆژیا مۆلیکولارییە پێشکەوتووەکان بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان و بەدواداچوونی بارودۆخی نەخۆشەکان خستە ڕو. پاشان هاوەڵى بەشداربووانى کرد و تاقیگە تایبەتمەندەکانی سەنتەرەکەیان بەسەر کردەوە و، لە نزیکەوە ئاشنای کۆمەڵێک ئامێری پێشکەوتوو بوون کە لە پشکنینە مۆلیکولاری و جینەتیکییەکاندا بەکاردێن، لەوانە تەکنیکە نوێیەکان بۆ دۆزینەوەی گۆڕانکارییە جینەتیکییەکان و نیشانە بایۆلۆژییەکانی (Biomarkers) پەیوەست بە گرێ شێرپەنجەییەکان. لە لایەکی دیکەوە، ستافى نەخۆشخانەکە تیشکیان سەر ڕێکارەکانی دڵنیایی جۆری بۆ دەستەبەرکردنی ئەنجامی وردی تاقیگەیی و چۆنییەتی بەکارهێنانی تەکنیکە مۆلیکولارییەکان بۆ چاودێریکردنی نەخۆشانی شێرپەنجە دوای چارەسەرکردن. ئەم تەکنەلۆژیایانە توانای دۆزینەوەی پاشماوەی کەمی نەخۆشییەکە و گەڕانەوەی گرێیەکان لە قۆناغێکی زۆر زوودا دەستنیشان دەکەن، تەنانەت کاتێک نیشانە کلاسیکییەکانی گرێ لە ئاستێکی زۆر نزمدا بن، کە ئەمەش پشتیوانی لە بڕیاردانی وردی کلینیکی دەکات.
ئەم سەردانە گرنگیی تێکەڵکردنی پشکنینە مۆلیکولارییەکان لەگەڵ داتا کلینیکییەکان بۆ باشترکردنی وردی دەستنیشانکردن و بەرەوپێشبردنی پزیشکیی کەسیی (Personalized Medicine) بەپێی نوێترین سیستم و کارپێکراوە نێودەوڵەتییەکان ڕوون کردەوە.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، ئامادەبووان و پسپۆڕان دەربارەی چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستییەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری دەربارەی نوێترین ئامێرە پزیشکییەکان گفتوگۆیان ئەنجام دا.



