مامۆستایەکى بەشى شیکارى تاقيگەی پزيشكی بەشداری لە چالاکیەکى زانستیى تایبەت بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان لە وڵاتی چین دەکات
- Categories بەشی شیكارى تاقیگەی پزیشکی
- Date ئاب 1, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 29/7/2026، مامۆستاى یاریدەدەر سالی خلیل باقر، مامۆستا لە بەشى شیکارى تاقيگەی پزيشكی لە زانکۆى جیهان-هەولێر، لە شاری پەکینی پایتەختی کۆماری میللی چین، بەشداری لە چالاکیەکى زانستی تایبەت بە شێرپەنجە دا کرد.
چالاکیەکە لە چوارچێوەی خولێکی ڕاهێنانی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەچوو، کە تیشکی خستە سەر پرسی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی شێرپەنجەی ملی منداڵدان (Cervical Cancer)، بۆ ئەو مەبەستەش ڕۆنغلینغ پان (Rongling Pan) پسپۆڕى بوارەکە ناوەڕۆکى بابەتەکەى پێشکەشکرد، کە تێیدا بە وردی باسی لە شیکاریی بارودۆخە کلینیکییەکان و شێوازەکانی دەستنیشانکردنی پێشوەختە کرا. هەر لەو چوارچێوەیەدا، تیشکى خستە سەر گرنگیی بەکارهێنانی پشکنینی پاپ سمیر (Pap smear test) و پشکنینی ڤایرۆسی (HPV test) بۆ دۆزینەوەی گۆڕانکارییە سەرەتاییەکان پێش گۆڕانیان بۆ خانەی شێرپەنجەیی.
لە لایەکی دیکەوە، پێشکەشکاری چالاکیەکە چەندین نموونەی کلینیکیی ڕاستەقینەی شیکردەوە، کە تێیدا ڕێگەکانی داڕشتنی پلانی چارەسەری بەپێی قۆناغەکانی نەخۆشییەکە و بارودۆخی تەندروستیی نەخۆشەکانى خستە ڕوو. لە تەوەرێکی دیکەی باسەکەیدا، گرنگیی هەماهەنگی نێوان پشکنینە تاقیگەییەکان و هەڵسەنگاندنی پزیشکی شیکردەوە لە پێناو گەیشتن بە دەستنیشانکردنی وردی نەخۆشییەکە و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە تەندروستییەکان.
لە کۆتایی چالاکیەکەدا، گفتوگۆیەکی زانستی لە نێوان ئامادەبووان و ڕۆنغلینغ پان (Rongling Pan) پسپۆڕى بوارەکە دەربارەی نوێترین پەرەسەندنەکانی چارەسەری کیمیایی و تیشکی بۆ ئەم جۆرە نەخۆشییە کرا، چالاکییەکە بە خستنەڕووی چەند پێشنیازێک بۆ باشترکردنی کوالیتی چاودێری تەندروستی و بەرەوپێشبردنی سیستمی پشکنینی پێشوەختە کۆتایی پێ هات.



