مامۆستایەکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە کۆمارى میللى چین بابەتێکى زانستى لەبارەى تەکنەلۆژیای “دووانەیى دیجیتاڵى” پێشکەش دەکات
- Categories بەشی ئهندازیاری پرۆگرامسازی وئینفۆرماتیك, ههواڵ و چالاكیهكان
- Date حوزهیران 27, 2026
لە بەردەوامى چالاکییە زانستییە نێودەوڵەتییەکان و بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی شارەزایی و ئەزمونى مەعریفى لەگەڵ ناوەندە جیهانییەکان، مامۆستاى یاریدەدەر (عادل حوسێن محەمەد)، مامۆستا لە بەشى ئەندازیاریى پرۆگرامسازى و ئینفۆرماتیک لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بابەتێکى زانستیى پسپۆڕیی بە ناونیشانى “هێزى دووانەیى دیجیتاڵى – Power of Digital Twin” لە زانکۆى (Huaqiao University) لە باشوورى وڵاتى چین پێشکەش کرد.
لە میانی چالاکیەکەدا، کە بەئامادەبوونى ژمارەیەک لە مامۆستایان و شارەزایان و پسپۆڕانى و فێرخوازانى زانکۆکە بەڕێوەچوو، مامۆستاى یاریدەدەر عادل حوسێن بە وردى تیشکى خستە سەر چەمکى “دووانەیى دیجیتاڵى” کە یەکێکە لە گرنگترین پایەکانى شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی. بۆ ئەوەش ڕوونیکردەوە کە چۆن ئەم تەکنەلۆژیایە لە ڕێگەى دروستکردنی نموونەیەکی هاوشێوەی گریمانەیی (Virtual Replica) بۆ ئامێر و سیستمە فیزیاییەکان، یارمەتیدەری ئەندازیاران و شارەزایان دەبێت لە پێشبینیکردنی کێشەکان، باشترکردنی ئەدا و زیادکردنی کارایی لە پڕۆژە گەورەکان و بونیادنانی شارە زیرەکەکاندا. بابەتەکە بە گرنگییەوە لە لایەن مامۆستایان و پسپۆڕانی زانکۆ چینییەکەوە لەسەر ئاستێکی زانستیی بەرز تاوتوێ کرا.
زانکۆى جیهان-هەولێر هاندەر و پاڵپشتى ستافى زانستى بەشە زانستیەکانە بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئەکادیمیی و زانستیان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ زانکۆ پێشەنگەکانی جیهان. پێشکەشکردنی ئەم چالاکیە زانستیەش لە وڵاتی چین، کە مەڵبەندی داهێنانە تەکنەلۆژییەکانە، ئاماژەیە بۆ پەرەپێدانی زانستی بەردەوام و ئامادەکردنی ژینگەیەک کە تێیدا پسپۆڕە ناوخۆییەکان بتوانن داهێنانە زانستییەکانیان لە ئاستی جیهانیدا بخەنە ڕوو.



