مامۆستایەکی بەشى ئەندازیارى تەلارسازى لە چین؛ ناوەندە گەورەکانی ئەندازیاری و ناوچە مێژووییەکان بەسەردەکاتەوە
- Categories بهشی ئهندازیاری تهلارسازی
- Date تەممووز 8, 2026
لە درێژەی چالاکییە زانستییەکانی لە وڵاتی چین، مامۆستای یاریدەدەر (لانە شەهاب ئەحمەد) لە بەشی ئەندازیاریی تەلارسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بۆ پتەوکردنى هەماهەنگییە ئەکادیمی و پیشەییەکان لە بوارەکانی تەلارسازی و بیناسازیی زیرەکدا؛ زنجیرەیەک چالاکیی مەیدانی و فەرمی ئەنجامدا.
لەو چوارچێوەیەدا ، ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٥ی تەممووزی ٢٠٢٦، لە چوارچێوەی پڕۆگرامی سەردانەکەیدا بەشداری لە گەشتێکی زانستیدا کرد بۆ ناوچەی مێژوویی “سێ کۆڵان و حەوت حەوشە” (Three Lanes and Seven Alleys – Sanfang Qixiang) لە شاری فۆژو.
ئەم گەشتە کە لەلایەن “تیمی نووسینگەی نێودەوڵەتی فۆجین” ڕێکخرابوو، لە میانەى بەسەرکردنەوەى ناوچەکەدا مامۆستای یاریدەدەر (لانە شەهاب ئەحمەد) ئاشناى شێوازی تەلارسازیی نەریتی چینی، پلانسازیی شار و ستراتیژییەکانی پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان بوو. ئەم ناوچەیە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بە یەکێک لە باشترین گەڕەکە پارێزراوەکانی چین و هێمای میراتی کەلتووریی شاری فۆژو دادەنرێت.
لە وێستگەیەکى تری گرنگى گەشتە زانستیەکەیدا، لە ڕێکەوتی ٦ی تەممووزی ٢٠٢٦، مامۆستاکەى بەشی ئەندازیاریی تەلارسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە بانگهێشتی “پەیمانگەی پارێزگای فۆجین بۆ دیزاینی تەلارسازی و توێژینەوە ” ناسراو بە (FJADI). سەردانى پەیمانگەکەى کرد و، بە گەرمى لەلایەن لە سی ڕێن (Xi Ren) تەلارسازی سەرەکى لە پەیمانگە و، وێین چێن (Weien Chen) سەرۆکی پەیمانگەی سێیەمی تەلارسازی، لەگەڵ ژمارەیەک لە پسپۆڕان و ئەندازیارانی باڵای دامەزراوەکە پێشوازی لێکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆی چڕ دەربارەی ئاسۆکانی هاوکاریی داهاتوو لە نێوان “گروپی کۆمپانیاکانى جیهان” و،” و پەیمانگەی “FJADI” کرا. هاوکات جەخت لە پێویستى ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەش لە بوارەکانی تەلارسازی، نۆژەنکردنەوەی شارەکان، بیناسازیی زیرەک، توێژینەوەی زانستی و، ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی و ڕاهێنانی پیشەیی کرا. ئەوەش لە پێناو بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستی و پیشەییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگای فۆجینی وڵاتی چینە.
پەیمانگەی FJADI بە یەکێک لە پێشەنگترین دامەزراوەکانی چین لە بواری دیزاینی تەلارسازی و ڕاوێژکاریی ئەندازیاری دادەنرێت، بەتایبەت لە پەرەپێدانی شارە زیرەکەکان و پاراستنی کەلەپووردا. ئەم سەردانە دەبێتە هەنگاوێکی کاریگەرە بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی نێودەوڵەتی کە خزمەت بە گەشەپێدانی کەرتی تەلارسازی و فێربوونی ئەکادیمی لە زانکۆی جیهان-هەولێر دەکات.



