مامۆستایەکی بەشى ئەندازیارى تەلارسازى؛ بە گەشتێکی زانستی کەلتورى شاری کوانگچۆ لە چین بەسەر دەکاتەوە
- Categories بهشی ئهندازیاری تهلارسازی
- Date تەممووز 14, 2026
لە ڕێکەوتی ١٢ی تەممووزی ٢٠٢٦، مامۆستای یاریدەدەر (لانا شەهاب ئەحمەد) لە بەشی ئەندازیاریی تەلارسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشداری لە چالاکیەکى تایبەت بە ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان کرد کە لە شاری کوانگچۆ لە کۆماری میللیی چین بەڕێوەچوو.
ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی ڕاهێنانی “پەرەپێدانی پیشەسازیی بیناسازیی زیرەک بۆ وڵاتانی ڕێگەی ئاوریشم” بوو کە لەژێر چەتری پڕۆگرامی (China Aid) ڕێکخرابوو. چالاکیەکە لەلایەن (چێنگ مینگلی)، بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان میوانداری کرا و لەلایەن خاتوو (بێلا ژێنگ) و بەڕێز (جۆسێف یو) ڕێکخرابوو. تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوون بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان زانکۆکان و کەرتی پیشەسازی، ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە بوارەکانی بیناسازیی زیرەک، بەردەوامی (Sustainability) و تەکنەلۆژیا هاوچەرخەکان. هەروەها لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر ڕۆڵی کۆمپانیا چینییەکان لە پشتگیریکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی، هاندانی داهێنان و بنیاتنانی هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ وڵاتانی بەشدار لە دەسپێشخەریی “ڕێگەی ئاوریشم”.
هاوتەریب لەگەڵ کۆبوونەوەکە، پڕۆگرامەکە گەشتێکی مەیدانی بۆ ژمارەیەک لە باڵەخانە تەلارسازییە دیارەکانی شاری کوانگچۆ لەخۆگرتبوو. تێیدا بەشداربووان لە نزیكەوە ئاشنای دیارترین دەستکەوتە تەلارسازییەکان و ئەو گەشەسەندنە شارستانییە خێرایە بوون کە شارەکە بەخۆیەوە بینیویەتی، لەگەڵ چۆنیەتی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و پرەنسیپەکانی بەردەوامی لە دیزاینکردنی بیناکان و پەرەپێدانی ژینگەی شاردا.
بەشێکی تری چالاکییەکان بریتی بوو لە سەردانکردنی “مۆزەخانەی کوانگدۆنگ (Guangdong Museum)”، کە بە یەکێک لە گرنگترین مۆزەخانەکانی باشووری چین دادەنرێت. مۆزەخانەکە کۆمەڵەیەکی دەوڵەمەند لە بەڵگەنامە و پارچە شوێنەوارییەکانی تێدایە کە مێژووی پارێزگاکە، میراتی کلتووری و هونەری، شێوازی تەلارسازی، شارستانییەتی دەریایی و قۆناغەکانی گەشەسەندنی شارستانیی ناوچەکە دەسەلمێنن.



