مامۆستایەکی بەشى ئەندازیارى تەلارسازى بەسەرکەوتویی کۆتایی بە پڕۆگرامی نێودەوڵەتیی بیناسازیی زیرەک لە کۆمارى میللى چین هێنا
- Categories بهشی ئهندازیاری تهلارسازی
- Date تەممووز 18, 2026
لە ڕێکەوتی ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٦، مامۆستای یاریدەدەر (لانا شەهاب ئەحمەد)، مامۆستا لە بەشی ئەندازیاریی تەلارسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، وەک نوێنەری زانکۆ و هەرێمی کوردستان بەشداری لە ئاهەنگی کۆتاییهاتنی پڕۆگرامی ڕاهێنانی “پەرەپێدانی پیشەسازیی بیناسازیی زیرەک بۆ وڵاتانی ڕێگەی ئاوریشم” کرد.
ئاهەنگەکە لە هۆڵی “پەکین” لە هۆتێل جورۆنگ لە شاری فۆژو لە وڵاتی چین، لە چوارچێوەی پڕۆگرامی (China Aid) بەڕێوەچوو. ڕێوڕەسمەکە بە وتەی (جۆسێف یو)، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی ڕاهێنان و، (کاو لوکسیانگ)، جێگری بەڕێوەبەری بنکەی نموونەیی تۆڕی باشوور-باشووری نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستیپێکرد. کە تیایدا هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی هاوکاریی نێودەوڵەتی و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە نێوان وڵاتانی بەشدار لە دەسپێشخەریی “ڕێگەی ئاوریشم” کردەوە بۆ پشتگیریکردن لە پیشەسازیی بیناسازیی زیرەک.
لە میانی ئاهەنگەکەدا، مامۆستای یاریدەدەر لانا شەهاب ئەحمەد، قەڵغانی ڕێزلێنانی زانکۆی جیهان-هەولێری پێشکەش بە ڕێکخەرانی پڕۆگرامەکە کرد، وەک دەربڕینی سوپاسگوزاریی زانکۆ بۆ هەوڵەکانیان لە ڕێکخستنی ئەم خولە و پتەوکردنی هاوکارییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان.
لە کۆتاییدا، بڕوانامەی کۆتاییهێنان بە پڕۆگرامەکە بەخشرا بە مامۆستا لانا شەهاب، وەک ڕێزلێنانێک بۆ بەشداریکردنی سەرکەوتووانەی لەم خولەدا کە تیشکی خستبووە سەر نوێترین تەکنەلۆژیا و داهێنانەکانی بواری بیناسازیی زیرەک. ئەم بەشداریکردنە نێودەوڵەتییە ڕەنگدانەوەی خەمخۆریی زانکۆی جیهان-هەولێرە بۆ بەهێزکردنی ئامادەیی خۆی لە ناوەندە زانستییە جیهانییەکان و ئاڵوگۆڕی مەعریفە لەگەڵ دامەزراوە توێژینەوەییەکانی کۆماری میللیی چین.



