مامۆستایەکی زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی ناوەندێکی پێشەنگی نوێکاریی بایۆمێدیکاڵ و تەکنەلۆژیای “شیاندنی زیرەک” لە چین دەکات
- Categories بــەشى بایۆمیدیکەڵ
- Date تەممووز 5, 2026
لە درێژەى چالاکیەکانى پڕۆگرامی نێودەوڵەتی “بنیاتنانی تواناکان بۆ خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستی سەرەتایی لە وڵاتانی تازە گەشەسەندوو”، کە لە وڵاتی چین بەڕێوەدەچێت، مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محەمەد) مامۆستا لە بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، زنجیرەیەک بەسەرکردنەوەی زانستیی مەیدانی بۆ شارەزابوون لە دوایین پێشکەوتنەکانی چین لە بواری تەکنەلۆژیای تەندروستی ئەنجامدا.
لەو چوارچێوەیەدا و لە میانەى گەشتەکەیدا بۆ کۆمپانیای “Chengdu Tianfu International Bio-Town”، کە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە (فان وێی) پێشوازی لێکرا. ئاشنای پڕۆژەی “شاری بایۆلۆژی نێودەوڵەتی چێنگدو” بوو، کە ناوەندێکی جیهانییە بۆ بایۆتەکنەلۆژیا، دەرمان و ئامێرە پزیشکییەکان. مامۆستا هێرۆ ئیسماعیل لە نزیکەوە پلانە ستراتیژییەکانی ئەم شارە زانستییەی بینی، کە چۆن توێژینەوەی ئەکادیمی و بەرهەمهێنانی پیشەسازی و کارپێکردنی کلینیکی لە یەک سیستمدا کۆکردووەتەوە. هەروەها پشکنینی بۆ چەندین ئامێری پێشکەوتووی تاقیگەیی و نۆژەنترین دەرمانی بەرهەمێنراوی ناوخۆیی چین کرد.
لە وێستگەیەکى تری گەشتەکەیدا، مامۆستاکەى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانی کۆمپانیای “Buffalo Robotics”ی کرد ،کە تایبەتمەندە بە ئامێرە زیرەکەکانی “شیاندنەوەی پزیشکی (Rehabilitation)”، لەوێ ئاشنای نەوەی نوێی ڕۆبۆتەکان و “کۆئەندامی دەرەکی دەستکرد (Exoskeleton systems)” بوو، کە بە ژیریی دەستکرد کار دەکەن و یارمەتی ئەو کەسانە دەدەن کە کێشەی کۆئەندامی دەمار یان پەککەوتنی جەستەییان هەیە. ئەم تەکنەلۆژیایە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی ئەلیکترۆنی چین پەرەی پێدراوە، شۆڕشێکی گەورەیە لە باشترکردنی کوالێتی ژیانی نەخۆشان و خێراکردنەوەی چاکبوونەوەی جەستەیی.
ئەم بەسەرکردنەوانە دەرفەتێکی گرنگ بوون بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەستنەوەی زانکۆکان بە کەرتی پیشەسازییەوە، بە مەبەستی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.



