مامۆستایەکی زانکۆی جیهان-هەولێر لە وڵاتی چین بەشداری لە خولێکی ڕاهێنان دەکات و نەخۆشخانە پێشکەوتووەکان بەسەردەکاتەوە
- Categories بــەشى بایۆمیدیکەڵ
- Date حوزهیران 25, 2026
لە بەردەوامى چالاکییەکانی پڕۆگرامی ڕاهێنانی نێودەوڵەتیی “بونیادنانی تواناکان بۆ خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو”، مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محەمەد) لە بەشی بایۆمیدیکاڵى زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشداری لە زنجیرەیەک چالاکیی زانستی و پیشەیی کرد، کە لە شاری تشنغدو لە هەرێمی سیچوانی کۆماری چینی میللی بەڕێوەچوو.
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، سەردانی “نەخۆشخانەی گەلی هەرێمی سیچوان”ی کرد، کە یەکێکە لە دیارترین دامەزراوە تەندروستییەکان لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتی چین. لەوێدا، لە لایەن پڕۆفیسۆر (شیانگ یانگ) گەورە پزیشک و جێگری بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکی بە گەرمی پێشوازیی لێکرا و ڕوونکردنەوەی تێروتەسەلیان دەربارەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و هەیکەلی کارگێڕیی نەخۆشخانەکە وەرگرت. مامۆستای زانکۆی جیهان-هەولێر لە نزیکەوە ئاشنای ڕێکارەکانی پێشوازیکردنی نەخۆش، بەڕێوەبردنی کلینیکە دەرەکییەکان و ئامادەکارییەکانی ژووری نەشتەرگەری بوون، کە تێیدا جەخت لەسەر کوالێتی و پاراستنی سەلامەتیی نەخۆش وەک سەنتەری کارەکان کرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی پڕۆگرامەکەدا، مامۆستاکەى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانی “نەخۆشخانەی گەلی دووەم”یان لە شاری تشنغدو کرد، کە تێیدا لایەنە کلینیکی و پەروەردەیی و توێژینەوەییەکان بەسەرکردەوە و، ئاشنای مێژووی گەشەسەندنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بوون لە ڕێگەی مۆزەخانەی مێژوویی نەخۆشخانەکەوە، هەروەها بەدواداچونیان بۆ چەندین دەستپێشخەریی توێژینەوەی داهێنەرانە کرد، لەوانە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای “ڕووکاری مێشک-کۆمپیوتەر” (Brain-Computer Interface – BCI) لە پزیشکیی هاوچەرخدا. جگە لەمە، ئامێرە پێشکەوتووەکانی بێهۆشکاری و ژوورە مۆدێرنەکانی نەشتەرگەرییان بینی کە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان و بەدەستهێنانی باشترین ئەنجامی پزیشکی بەکاردێن.
لە کۆتایی دیدارەکاندا، پڕۆفیسۆر دکتۆر (تشن لی) بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، ئامادەیی دامەزراوەکەیانی بۆ هەماهەنگیی ئەکادیمی و توێژینەوەی هاوبەش لەگەڵ زانکۆی جیهان-هەولێر نیشان دا.



