نوێنەرى زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداری لە وۆرکشۆپی ساڵانەى ئەکادیمیای “هواوی” دەکات
- Categories بەشی ئهندازیاری پرۆگرامسازی وئینفۆرماتیك, ههواڵ و چالاكیهكان
- Date تەممووز 8, 2026
بۆ پەرەپێدانی تواناکانی فێرخوازان و هاوتەریبکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار، بەڕێوەبەرایەتیی تەکنەلۆژیای زانیاری بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای جیهانیی “هواوی (Huawei)”، وۆرکشۆپێکی تایبەتی بۆ ڕابەران و سەرپەرشتیارانی ئەکادیمیای هواوی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ساز کرد.
وۆرکشۆپەکە لە ڕۆژى دوو شەممە ڕێکەوتی ٦ی تەممووزی ٢٠٢٦، لە سەنتەری ڕۆشنبیریی زانکۆی سەلاحەددین-هەولێر بەڕێوەچوو، کە تێیدا ١٢ بەرپرسی ئەکادیمیای هواوی لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون. لە ناو بەشداربوواندا، مامۆستاى یاریدەدەر فیراس محەمەد زەکی سەرۆکی بەشی ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك و بەڕێوەبەری ئەکادیمیای هواوی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداری کارای وۆرکشۆپەکەی کرد و، ڕۆڵێکی کارای لە گفتوگۆکاندا گێڕا.
لە وۆرکشۆپەکەدا تیشک خرایە سەر چەند تەوەرێکی ستراتیژی، لەوانە: ڕۆڵی ئەکادیمیاکانی هواوی لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی فێرخوازان لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری و گەیاندن (ICT)، هەروەها گفتوگۆی چڕ کرا دەربارەی میکانیزمەکانی بەستنەوەی کۆرسە نێودەوڵەتییەکانی کۆمپانیای هواوی بە دیموگرافیای خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی فێرخوازان زۆرترین سوود لە پرۆگرامەکان وەربگرن و بە کارامەیی سەردەمیانە بەرەو بازاڕی کار ئاراستە بکرێن.
لە بەشێکی تری چالاکییەکەدا، جەخت لە گرنگیی بەشداریپێکردنی فێرخوازان لە پێشبڕکێی ساڵانەی کۆمپانیای هواوی (Huawei ICT Competition) کرایەوە. ئەم پێشبڕکێیە کە تایبەتە بە فێرخوازانى زانکۆکانی کوردستان، وەک دەرفەتێکی زێڕین وێنا کرا بۆ دەرخستنی تواناکانیان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، کە یارمەتیدەر دەبێت لە بنیاتنانی نەوەیەکی شارەزا لە کەرتی تەکنەلۆژیادا.
زانکۆی جیهان-هەولێر، لە ڕێگەی ئەکادیمیای هواوی لە ناو کەمپەسەکەیدا، بەردەوامە لە دابینکردنی نوێترین سەرچاوە فێرکارییەکان بۆ فێرخوازانى، تاوەکو لە گۆڕانکارییە خێراکانی جیهانی تەکنەلۆژیا دانەبڕێن.



