وەزیری خوێندنی باڵا بڕوانامەی ڕێزلێنان دەبەخشێتە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بۆ تۆمارکردنی داهێنانێکی زانستیی نێودەوڵەتی
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date حوزهیران 22, 2026
لە مەراسیمێکی شایستەدا کە رۆژى دووشەممە (٢٢/٦/٢٠٢٦) لە هۆڵی مەراسیمەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو، دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕوانامەی ڕێزلێنانی وەزارەتی بەخشییە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر. ئەم ڕێزلێنانە لە پای بەدەستهێنان و تۆمارکردنی (داهێنانێکی زانستی – براءة الاختراع) بوو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، کە وەک دەستکەوتێکی مەزن بۆ کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت.
لە وتارێکدا لە میانی مەراسیمەکەدا، کە ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان و توێژەران ئامادەی بوون، وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند: “جێگەی شانازییە کە لە کۆی ٥١ پاکانەی داهێنان، ٢٥ پڕۆژەیان لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان تۆمار کراون”، داهێنانەکەی دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ یەکێکیانە.” دکتۆر ئارام جەختی کردەوە کە ئەم سەرکەوتنانە نیشانەی بوونی توانا و هەوڵی ڕەسەنن لە ناو زانکۆکانماندا بۆ بەرهەمهێنانی زانیاری و داهێنان. هەروەها وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەی بە نەخشەڕێگەی وەزارەت کرد بۆ سەربەخۆیی زانکۆکان لە ڕووی دارایی، کارگێڕی و ئەکادیمییەوە، وەک ژینگەیەکی پێویست بۆ پەرەپێدانی زیاتری ئازادی ئەکادیمی و داهێنانی زانستی.
داهێنانە زانستییەکەی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، کە بە هاوبەشی لەگەڵ تیمێکی پسپۆڕی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە، پڕۆژەیەکی پێشەنگە لەسەر ئاستی جیهان لە بواری بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد (AI). ناوەڕۆکی داهێنانەکە بریتییە لە بونیادنانی “سیستمێکی زیرەک بۆ خشتەبەندیی ئەرکەکان و پێشبینیکردنی هەڵسەنگاندنی ئۆتۆماتیکیی فەرمانبەران“، کە دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە بەڕێوەبردنی کارگێڕی و بەرزکردنەوەی کارایی دامەزراوەکان لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای زیرەکەوە بەبێ دەستێوەردانی مرۆیی.
هەر لە مەراسیمەکەدا، دکتۆر ژاڵە سەعید خەتات، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان، دەستخۆشی لە مامۆستایانی داهێنەر کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەوڵانەی وەزارەت بۆ ڕێزلێنان لە توێژەران، هاندەرێکی گەورە دەبێت بۆ پەرەپێدانی توانای فکری و مرۆیی لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا.
مەراسیمەکە بە دابەشکردنی بڕوانامەکان بەسەر داهێنەراندا کۆتایی هات، کە تێیدا جەخت لەسەر گرنگیی هاوبەشکردنی ئەم داهێنانە زانستییانە لەگەڵ فێرخوازانی زانکۆکانی کوردستان کرایەوە تاوەکو ببێتە مایەی دەوڵەمەندکردنی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن.



