يارى كۆتایی خولى تۆپى پێ بۆ فێرخوازانى بەشە زانستیەکانى زانکۆ بەڕێوەچوو
یارى کۆتایی خولى تۆپى پێ بۆ فێرخوازانى بەشە زانستییە جیاکانى زانکۆى جیهان -هەولێر بەسەرکەوتویی بەڕێوەچوو، کە لە نێوان تیپى فێرخوازانى بەشى یاسا و، تیپى فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى گەیاندن و کۆمپیوتەر ئەنجامدرا.
سەرلەبەیانى ڕۆژى دوو شەممە ڕێکەوتى (١٢/٤/٢٠٢١) لە یاریگەى زانکۆى جیهان- هەولێر، بەئامادەبوونى پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم سەعید یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و، سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستییەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر یارى کۆتایی خولى تۆپى پێ لە نێوان تیپى فێرخوازانى بەشى یاسا و، تیپى فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى گەیاندن و کۆمپیوتەر بەڕێوەچوو.
لە ئەنجامى یارییەکەدا، کە لە نێو گڕوتینى یاریزانان و هاندەران و فێرخوازانى هەردوو تیپ بەڕێوەدەچوو، لە ئەنجامدا تیپى فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى گەیاندن و کۆمپیوتەر توانى بە تۆمارکردنى (٢-١) گۆڵ لە تیپى فێرخوازانى بەشى یاسا، یارییەکە بباتەوە، بەوەش تیپى فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى گەیاندن و کۆمپیوتەر بوونە خاوەنى ناسناوى خولى سەرجەم بەشەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١).
بۆ بایەخدان بەلایەنى وەرزشى، ساڵانە بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، لە وەرزى خوێندندا چەندین خولى وەرزشى جۆراوجۆر لەسەر ئاستى کۆلێژ و بەشەکان بۆ مامۆستایان و فێرخوازان ڕێکدەخات، بەڕێوەچوونى ئەم خولەش لە چوارچێوەى ئەو چالاکیانە دێ، خولى تۆپى پێى تیپى فێرخوازانى بەشە جیاکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕێکەوتى (١٦/٢/٢٠٢١) بەسەرپەرشتى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر دەستپێکرد، کە (١٧) تیپ لەسەرجەم بەش و کۆلێژەکانى زانکۆ بەشداریان تێدا کرد.
لە کۆتایی یارییەکەدا، لەلایەن پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم سەعید یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و، هەریەک لە پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر ئەکرەم عەبدواحید محەمەد ئەمین سەرۆکى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان و، مامۆستاى یاریدەدەر عادل حسین محەمەد سەرۆکى بەشى ئەندازیارى گەیاندن و کۆمپیوتەر و، دکتۆر ئەحمەد عەبد عەون سەرۆکى بەشى پەروەردەى گشتى و، دکتۆر هەمزە کاکە یاسین لە بەشى یاسا مەداڵیاى سەرکەوتن بەسەر تیپى یەکەم و دووەمى خولەکەدا دابەش کرا.