پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆی جیهان-هەولێر پێشوازى لەو فێرخوازانە کرد، کە بۆ تەواوکردنى خولێکى ڕاهێنانى زانستی دەچنە وڵاتی چیک
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date حوزهیران 18, 2026
لە بەر ڕۆشنایی پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی ئاڵوگۆڕی کەلتووری و زانستی، زانکۆی جیهان-هەولێر چوار فێرخوازی لە بەشە زانستیەکان بۆ بەشداریکردن لە خولێکى بوارى تەندروستى و سەلامەتى و ژینگەیی ڕەوانەى زانکۆی “پالاسکی” لە وڵاتی چیک دەکات.
بەو بۆنەیەوە، ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٨/٦/٢٠٢٦) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر. لە دیدارێکی تایبەتدا کە بە ئامادەبوونى یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و ژمارەیەک لە سەرۆکى بەشە زانستیەکان لەگەڵ فێرخوازە کاندیدکراوەکان و کەسوکاریان بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک ڕێنمایی و ڕاسپاردەی گرنگی ئاراستە کردن. پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ لە وتەیەکیدا دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان و کەسوکاریان، پیرۆزبایی کاندیدبوونى لێکردن، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم گەشتە تەنها گەشتێکی زانستی نییە، بەڵکو تێپەڕاندنی سنوورەکانی زانستە لە کوردستان و عێراق بۆ ئاشنابوون بە ئاستی جیهانی.
پاراستنی ناسنامە و بەها کەلتوورییەکان
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ لە وتەکەیدا جەختی لە گرنگیی پاراستنی ڕەسەنایەتی کردەوە و ڕایگەیاند: “هەر فێرخوازێک بۆ دەرەوەی وڵات گەشت بکات، نوێنەری زانکۆی جیهان و باڵیۆزی هەرێمی کوردستان و عێراقە، هەر بۆیە پێویستە لە کارەکانتاندا توندوتۆڵ بن و وابەستەی زانکۆکەتان بن.” سەرۆکی زانکۆ هۆشداری دا بە فێرخوازان کە نابێت لە ناو کەلتوورە جیاوازەکاندا ڕەسەنایەتی و ئەو بنەما ئایینی و کۆمەڵایەتییانە لەدەست بدەن کە لەسەری پەروەردە بوون. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پێشکەوتنی ڕاستەقینە لە زانست و مەعریفەدایە، نەک لە لاساییکردنەوەی ڕووکەشیانەی دابونەریتەکان، بۆ ئەوەش فێرخوازانى ڕاسپارد وەک نموونەیەکی بەرزی مرۆیی و ئەخلاقی لە وڵاتی خانەخوێ دەربکەون.
بەردەوامیی سەرکەوتن و ئاسۆی داهاتوو
لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا، سەرۆکی زانکۆ تیشکی خستە سەر سەرکەوتنی پڕۆگرامەکانی پێشوو و ئاشکرای کرد کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بەردەوام فێرخوازانیان ڕەوانەی دەرەوە کردووە و، لە ئێستاشدا دوو گروپى فێرخوازی دیکە بۆ تەواوکردنی کۆرسێکی خوێندن لە زانکۆکانى پۆڵندان. دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕوو لە فێرخوازە نوێیەکان ڕایگەیاند: “ئامانجی ئێمە تەنها گەشتکردن نییە، بەڵکو دەمانەوێت سوودێکی زانستیی وا بەدەست بهێنن کە دوای گەڕانەوەتان بیگوازنەوە بۆ هاوڕێکانتان و زانکۆکەتان.” هەروەها جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە دەروازەیەک بۆ ئەوەی فێرخوازان ئاشنای ژینگەی ئەکادیمیی جیهانی بن تاوەکو لە داهاتوودا بتوانن بۆ خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لەو زانکۆیانە بەردەوام بن.
پەیامی کۆتایی و هەماهەنگی
لە کۆتایی دیدارەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سوپاسی کەسوکاری فێرخوازان و مامۆستایانی کرد کە هەمیشە پاڵپشت بوون بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە نێودەوڵەتییانە. سەرۆکی زانکۆ هیوای گەشتێکی ئارام و پڕ دەستکەوتی بۆ فێرخوازان خواست و داوای لێکردن لە پەیوەندییەکی بەردەوامدا بن لەگەڵ سەرۆکایەتی بەشەکانیان و نووسینگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەر پێویستییەک، تاوەکو ئەم ئەزموونە ببێتە وەرچەرخانێکی گرنگ لە ژیانی زانستی و پیشەیی ئەواندا و شانازییەکی دیکە بۆ زانکۆی جیهان-هەولێر تۆمار بکەن.
هەر بەو بۆنەیەوە فێرخوازان و کەسوکاریان سوپاس و ستایشى پاڵپشت و کارە گرنگەکانى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و ستافى زانکۆ بەگشتى کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە جۆراوجۆرانە بۆ فێرخوازان تا بتوانن پەرە بە لێهاتوەکانیان بدەن و ئەزمونى جیاواز ببینن.
بەشداریکردنى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەو خولە، لەبەر ڕۆشنایی خاڵەکانى ڕێککەوتنامەیەکى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆی پالاسکی (Palacky University Olomouc) لە کۆماری چیک دێ، کە لە کۆتایی ساڵى (2024) لە نێوان پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، پرۆفیسۆر دکتۆر مددر مارتن بروكزاكا (MUDr. Martin Prochazka) سەرۆکى زانکۆی پالاسکی واژۆ کرا، لە مانگى تشیرنى دوەمى ساڵى ڕابردووش ئەم دەرفەتە بۆ فێرخوازان ڕاگەیاندرا.



