پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداری لە کۆنفرانس و پیشانگەی نێودەوڵەتی تەندروستی (MEDICO 2026) لە هەولێر کرد
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date ئاب 12, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 12/08/2026، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشداریی لە کۆنفرانس و پیشانگەی نێودەوڵەتی تەندروستی (MEDICO 2026) کرد، کە لە پیشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەدەچێ.
ئەم چالاکییە بە ئامادەبوونی دەستەبژێرێکی فراوانی ئەکادیمی، توێژەران، پسپۆڕانی بواری پزیشکیی و تەندروستی، لەگەڵ نوێنەرانی 150 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی وەک سەکۆیەکی ستراتیژی بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی و پیشاندانی نوێترین تەکنەلۆژیای پزیشکیی (Medical Technology) ڕۆژانە کارەکانى بەڕێوەدەچێ.
لەو چوارچێوەیەدا و، میانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەدا، کە بە ئامادەبوونى سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، پرۆفیسۆر دکتۆر ئاریانا شێخ خالص بەرزنجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان، پریزێنتەیشنێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر پێشکەوتنەکانی ئەنجوومەنەکە، لەوانە بەدیجیتاڵکردنی سیستمی کارگێڕی و واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان. هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئاماژە بەوە دا کە ئەنجوومەنەکە بە زیاتر لە 500 توێژینەوەی زانستیی ڕاهێنراوان لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی بەشداریی لەم کۆنفرانسەدا کردووە، کە ئامانجیان پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانە لە هەرێمی کوردستان.
لە لایەکی دیکەوە و، هەر بە ئامادەبوونى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ و، لەبەر ڕۆشنایی گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی، پانێڵێکی تایبەت دەربارەی داهاتوو و هەلەکانی کارگە نیشتمانییەکانی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بەڕێوەچوو. تێیدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ئەم کارگانە ژێرخانی تەندروستی وڵات پێکدەهێنن و پێویستە بە باشترین کواڵێتی پەرەیان پێ بدرێت.
لە وێستگەیەکی دیکەی بەشداریکردنەکەیدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەشە جیاوازەکانی پیشانگەکەی بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە ئامێرە پزیشکییە پێشکەوتووەکانی بینی، هاوکات ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیا و دامەزراوە پزیشکییەکان ئەنجام دا بە مەبەستی دروستکردنی هەماهەنگیی زانستی و ئەکادیمی.
ئەم ڕووداوە پزیشکییە گەورەیە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا چەندین پانێڵی زانستی لەسەر داهاتووی کەرتی تەندروستی و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد (AI) لە بواری پزیشکیدا پێشکەش دەکرێن، جگە لەوەش پسپۆڕان و شارەزایانى ئامادەبوو گفتوگۆ دەربارەی چۆنییەتی سوودوەرگرتن لە ئەزموونە جیهانییەکان بۆ بەهێزکردنی کەرتی تەندروستیی کوردستان دەکەن.



