پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر نەخشەڕێگەی ساڵی نوێی خوێندن بۆ ستافی ئەکادیمی و ئەندامانى دەستەى وانەبێژى دەخاتە ڕو
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date ئەیلوول 3, 2026
بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆ، بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، لەگەڵ ئەنجومەنی زانکۆ و ستافی مامۆستایان و کادیرانی کارگێڕیی کۆبووەوە.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 02/09/2026، لە هۆڵى (VIP) لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا سەرۆکی زانکۆ پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندنى لە مامۆستایان، یاریدەدەرانی تاقیگە و کادیرانی کارگێڕیی کرد و بەخێرهاتنی ئەو مامۆستا نوێیانەشی کرد کە ئەمساڵ پەیوەندییان بە زانکۆى جیهان-هەولێرەوە کردووە، هاوکات ستایشى هەوڵ و تواناى مامۆستایان و ستافى بەشەکان کرد، کە توانیان ساڵى ڕابردوو بەسەرکەتویی و دەسکەوتى زانستى بەڕێ بکەن.
هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامیی گەشەی زانکۆ لە بوارەکانی توێژینەوە و تەکنەلۆژیادا کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، کە نابێت زانکۆ لە خاڵێکدا بوەستێت، بەڵکو دەبێت ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێش بچێت. لەبەر ڕۆشنایی ئەم دیدگایەشدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر تیشکى خستە سەر گرنگیی کوالیتی توێژینەوە زانستییەکان و ئاستی ئاماژەپێدان (Citation) بە توێژینەوەکان؛ بۆ ئەوەش ڕوونیکردەوە کە بەهای ڕاستەقینەی زانستیی هەر توێژینەوەیەک لەوەدایە، کە چەند توێژەری دیکە ئاماژەیان پێ داوە، چونکە تەنها نووسین بەبێ سایتەیشن سوودێکی ئەوتۆ بە پێگەی زانستیی زانکۆ ناگەیەنێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکی زانکۆى جیهان-هەولێر سیستمێکی نوێی بۆ هەڵسەنگاندنی مانگانەی مامۆستایان ڕاگەیاند. بەپێی ئەم سیستمە، هەڵسەنگاندنەکان تەنها ساڵانە نابن، بەڵکو بە شێوەیەکی مانگانە و ورد ئەنجام دەدرێن. لە لایەکی دیکەوە، بڕیار درا کە پاداشت ڕاستەوخۆ ببەسترێتەوە بە ئاستی بەرهەمهێنان و جدییەتی مامۆستایان لە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی ڕەسەن و بەهێز. ئەم هەنگاوە وەک ڕێگەیەک بۆ هاندانی ستافی ئەکادیمیی بۆ بەدەستهێنانی پێگەی باشتر لە ڕیزبەندییە جیهانییەکانی وەک (Times) و (Shanghai) خستە ڕو، کە تەنها لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی توێژینەوە لە گۆڤارە جیهانییە باوەڕپێکراوەکاندا بەدی دێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پابەندبوون بە یاسا و گرێبەستە کارگێڕییەکان کرا. بۆ ئەوەش پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ئاماژەی بەوە دا کە ماف و ئەرکەکانی مامۆستایان بەپێی ئەو گرێبەستە ڕێکدەخرێت کە لەگەڵ زانکۆ واژۆیان کردووە، زانکۆش بەرانبەر دابینکردنی هەموو مافەکانی مامۆستایان، چاوەڕوانی ئاستێکی زانستیی بەرز و دڵسۆزیی لە کارکردنیان لێدەکات.
کۆبوونەوەکە بە دووپاتکردنەوەی ئەو پەیامە کۆتایی پێ هات، پێویستە هەمووان پێکەوە کار بۆ بەرزکردنەوەی ناوی زانکۆى جیهان-هەولێر و توێژینەوەى زانستى لە ئاستە نێودەوڵەتییەکاندا بکەن. جگە لەوەش جەخت لە کۆمەڵێک یاسا و ڕێنمایی و ڕاسپاردەى ئەکادیمى و زانستى کرایەوە بۆ ڕەخساندنى ژینگەیەکى لەبارى زانستى بۆ فێرخوازان و ڕاپەڕاندنى ئەرکەکانى ئەندامانى دەستەى وانەبێژى وەک ئەوەى لە یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان هاتووە.



