پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى نێودەوڵەتی ئەلڕەشید بۆ زانست و تەکنەلۆجیا ڕێککەوتنامەیەکى واژۆ کرد
لە بەردەوامى فروانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆکان لەسەر ئاستى وڵاتانى ئەوروپا و ناوچەکە، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ پڕۆفیسۆر دکتۆر ناسر خالد ثلاج (Prof. Dr. Nasser Khaled Thallaj ) سەرۆکى زانکۆى تایبەتى نێودەوڵەتی ئەلڕەشید بۆ زانست و تەکنەلۆجیاى سورى ڕێککەوتنامەیەکى گرنگى واژۆ کرد
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٧/٣/٢٠٢٤)، لە مەراسیمێکدا، کە بەئامادەبونى یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و، کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى تایبەتى نێودەوڵەتی ئەلڕەشید بۆ زانست و تەکنەلۆجیاى سورى ڕێککەوتنامەیەکیان واژۆ کرد.
ڕێککەوتنامەکە (١٥) ماددەى لە خۆگرتووە، بەپێى ئەو مادانە هەردوو لایەن بەشداریکردن لە کۆڕ و سیمپۆزیۆم و سیمینارە زانستیەکانى یەکتر دەکەن و، کارئاسانى دەکەن بۆ بەشداریکردن لە خول و ڕاهێنانە جۆراوجۆرەکانى یەکتر، جگە لەوەش، هەردوو زانکۆ کارئاسانى دەکەن بۆ ڕەخساندنى سەردانی زانستی و کەلتووری ئەکادیمی بۆ فێرخوازان، لەسەر ئاستى خوێندنى باڵا- توێژەرانى هەردوولا پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش و وانەوتنەوە.
ڕێککەوتنامەکە چەندین تەوەر و بابەتى دیکەى هاوبەشى لەخۆگرتوە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش دوا بەدواى واژۆکردنى ڕێککەوتنامەکە سەرۆکى هەردوو زانکۆ پیرۆزباییان لە یەکتر کرد و، هیوایان خواست، ئەم ڕێککەوتنە دەروازەیەکى گرنگ بێت بۆ بونیادنانى داهاتویەکى گەش.