پێنجەمین خولی پێداگۆجی بۆ مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە لە زانکۆی جیهان-هەولێر دەستپێکرد
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date ئاب 3, 2026
بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆ و مامۆستا بورهان عەبدوڵڵا ئەرگوشی ڕاوێژکار لە وەزارەتی پەروەردە، پێنجەمین خولی پێداگۆجی (Pedagogy) بۆ مامۆستایانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە دەستیپێکرد.
لەو مەراسیمەدا، کە ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتنی ٢/٨/٢٠٢٦، لە هۆڵى (VIP) لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ و، يحيى رضا سيد كول بەڕێوەبەرى ڕاهێنان و پەرەپێدان لە وەزارەتى پەروەردە و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و پسپۆڕانی پەروەردەیی ئامادە بوون.
لە وتارێکدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر جەختی لەسەر ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵە کردەوە کە ماوەی پێنج ساڵە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنامەیەکدا لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی بەردەوامە. ئاماژەی بەوەشکرد کە خوێندنی باڵا و پەروەردە دوو پرۆسەی لێکدانەبڕاون، چونکە دەرچووانی ناوەندە پەروەردەییەکان دەبنە فێرخواز لە زانکۆ و دەرچووانی زانکۆکانیش دەبنە مامۆستا لە وەزارەتی پەروەردە، بۆیە جیاکردنەوەی ئەم دوو سیستمە لە یەکتر دەبێتە هۆی دروستبوونی کەلێنی گەورە لە پرۆسەی زانستیدا.
لە تەوەرێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر تیشکی خستە سەر پێویستیی بەردەوامی لە فێربوون و نوێکردنەوەی زانیارییەکان لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان، بۆ ئەوەش باسی لەوە کرد کە سەرەڕای ئەوەی ماوەی ١٩ ساڵە پلەی پرۆفیسۆری هەیە، بەڵام هێشتا بە پێویستی دەزانێت زانیارییەکانی ڕۆژانە نوێ بکاتەوە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، مامۆستایانی بەشداربووى خولەکەى ڕاسپارد، کە ئەم دەرفەتە بە فیرۆ نەدەن و سوود لە خولەکە وەربگرن، چونکە ئەوان کلیلی دواڕۆژی وڵاتن و پێویستە بە جۆرێک فێرخوازان پێبگەیەنن، کە کاتێک دەگەنە زانکۆ خاوەن ئاستێکی زانستیی بەرز بن.
لە لایەکی دیکەوە، مامۆستا بورهان عەبدوڵڵا ئەرگوشی ڕاوێژکار لە وەزارەتى پەروەردە ڕایگەیاند: کە بۆ هەر گۆڕانکارییەک لە پڕۆسەی فێربووندا دەبێت وەبەرهێنان لە توانای تاک بە تاکى مامۆستایاندا بکرێت. ڕوونیشیکردەوە، کە سیستمە فێرکارییە هاوچەرخەکان چیتر تەنها باس لە “ناوەرۆک” ناکەن، بەڵکو جەخت لەسەر “چۆنییەتی” گەیاندنی زانیاری بە فێرخواز دەکەنەوە بۆ ئەوەی بگەنە ئاستی داهێنان لە هەڕەمی بلوم (Bloom’s Taxonomy)، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێداگۆجی تەنها ڕێگەی وانەوتنەوە نییە، بەڵکو هونەری دروستکردنی مرۆڤە و، پێویستە مامۆستایان کار لەسەر پەرەپێدانی بیرکردنەوەی فێرخوازان بکەن.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، ڕێنماییەکان دەربارەی دابەشبوونی هۆڵەکان و کلاسی خولەکە خرانە ڕو. داوا لە مامۆستایانی بەشداربوو کرا ڕوو بکەنە باڵەخانەی ژمارە (٨) لە زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ دەستپێکردنی یەکەم ڕۆژی ڕاهێنانەکانیان. چالاکییەکە بە سوپاسگوزاریی نوێنەری وەزارەتی پەروەردە بۆ زانکۆی جیهان-هەولێر و هیوای سەرکەوتنی بەردەوام بۆ هەموو لایەک کۆتایی پێ هات.



