Back

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی 6/8/2026، ژمارەیەک لە فێرخوازانی بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتیی مامۆستاى یاریدەدەر ئەحمەد جەمال حەمەکەریم، بەشدارییان لە چوارەمین دیداری نێودەوڵەتیی گەشەپێدان بۆ قوتابیان (GFS) کرد.

دیدارەکە لە هۆڵی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی مەعاریف لە شاری هەولێر و بە بەشداریی زیاتر لە ٣٠٠ فێرخواز لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو،  لە زانکۆى جیهان-هەولێریش هەریەک لە فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن (سەرکار حوسێن لە قۆناغی چوارەم، ئامانج صبری لە قۆناغی سێیەم و ئیلهام نەجات لە قۆناغی دووەم) بەشدارى کارایی دیدارەکەیان کرد، بەرپرسانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون و، لە وتارەکانیاندا تیشکیان خستە سەر گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی گەنجان.

ئەم دیدارە کە لەلایەن ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی کوردستان بە ناونیشانی “پەیوەندییەکان لە جیهانی گۆڕاودا” ڕێکخرابوو، لە ڕێگەی چەندین پانێڵ و وۆرکشۆپی جۆراوجۆرەوە کار لەسەر پەرەپێدانی تواناکانی بەشداربووان لە کایە ڕۆشنبیری و دیجیتاڵییەکاندا دەکات. هەر لەو چوارچێوەیەدا، باس لە کێشە هەنووکەییەکانی فێرخوازان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو دەکرێ بۆ ئەوەی ژینگەی زانکۆ و خوێندن وەک دەرفەتێک بۆ پەرەپێدانی کارامەییەکان بەکاربهێنرێت، ئەمەش بە ئامانجی هێنانەدی گۆڕانکاریی ئەرێنی لە کۆمەڵگەدا.

دیدارى گەشەپێدان بۆ قوتابیان (GFS) تاوەکو ڕۆژی شەممە ڕێککەوتنی 8/8/2026 بەردەوام دەبێت. بڕیاروایە لە ڕۆژى کۆتایی دیدارەکەدا، بڕوانامەی بەشداریی نێودەوڵەتی ببەخشرێتە فێرخوازانى بەشداربوو.