
گۆڤاری زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان لە ڕاپۆرتی فاکتەری کاریگەریی عەرەبی بۆ ساڵی 2026 پلەی Q2 بەدەست دەهێنێت
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date تشرینی یەکەم 16, 2026
فاکتەری کاریگەریی عەرەبی (Arab Impact Factor) ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی 2026 بڵاو کردەوە. لە چوارچێوەی ئەم ڕاپۆرتەدا، گۆڤاری زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان دەستکەوتێکی زانستیی بەرچاو و شایستەی بەدەست هێنا؛ بە جۆرێک فاکتەری کاریگەریی عەرەبیی گۆڤارەکە لە (1.3) بەرز بووەوە بۆ (2.04)، بەوەش لە کاتیگۆریی سێیەمەوە (Q3) گوێزرایەوە بۆ کاتیگۆریی دووەم (Q2).
ئەم بەرزبوونەوەیە پێشچوونێکی جۆرییە کە گۆڤارەکە دەخاتە ڕیزی گۆڤارە زانستییە دیار و پێشەنگەکانی بواری زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی.
هۆکارەکانی پەرسەندن و بەرفراوانیی تەوەرەکان:
ئەم بەرزبوونەوەیە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی بەردەوامی گۆڤارەکەیە لە ماوەی ڕابردوودا، چ لە ڕووی کوالێتی و ڕەسەنایەتی توێژینەوە بڵاوکراوەکان، یان پابەندبوونی توند بە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی زانستیی دوولایەنەی نەناسراو (Double-blind peer review) و، بەردەوامی لە کاتەکانی بڵاوکردنەوەدا. هەروەها گۆڤارەکە بابەتی جۆراوجۆر لە بواری ڕاگەیاندن، زمانەکان، ئەدەبیات، پەروەردە، زانستە کۆمەڵایەتییەکان و لقەکانی دیکەی زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردوەتەوە.
پێگەی ئەکادیمی و زیادبوونی ئاماژەپێدانەکان:
ئەم دەستکەوتە جەخت لەسەر بەهێزبوونی پێگەی گۆڤارەکە لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا دەکاتەوە، لەگەڵ زیادبوونی ڕووکردنی توێژەران لە ناوەوەی عێراق، هەرێمی کوردستان و دەرەوەیان بۆ بڵاوکردنەوە لە گۆڤارەکەدا، سەرباری بەرزبوونی ئاستی ئاماژەپێدان (Citation) بە توێژینەوە بڵاوکراوەکانی لەسەر لاپەڕەکانی گۆڤارەکە، کە ئەمەش نیشاندەرێکی گرنگە بۆ بەهای زانستی و کاریگەریی لە دەوڵەمەندکردنی زانیاریدا.
پاڵپشتیی سەرۆکایەتیی زانکۆ و هەوڵی دەستەی نووسەران:
ئەم بەرهەمە ئەنجامی هەوڵە بەردەوامەکانی دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە، کاری ڕژدی هەڵسەنگێنەرانی خاوەن شارەزایی و پسپۆڕی و، متمانەی توێژەرانە کە گۆڤارەکەیان وەک سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمە زانستییەکانیان هەڵبژاردووە. هەروەها ئاماژەیە بۆ پاڵپشتیی بەردەوامی سەرۆکایەتیی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ توێژینەوەی زانستی و بڵاوکردنەوەی ئەکادیمی، لە سەرچاوەی ڕوانگەی زانکۆوە کە توێژینەوەی زانستی بە بڕبڕەی پشتی ڕێڕەوی زانکۆ بۆ دەستکەوتنی جیاوازی و ڕکابەری دەزانێت.
پەیامی پیرۆزبایی و ئامانجەکانی:
بەم بۆنەیەوە، زانکۆی جیهان-هەولێر گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرنووسەری گۆڤار، ئەندامانی دەستەی نووسەران و دەستەی ڕاوێژکاری و، سەرجەم توێژەران و هەڵسەنگێنەران دەکات کە بەشدار بون لە هێنانەدیی ئەم دەستکەوتەدا.
سەرۆکایەتى زانکۆ جەخت لەسەر بڕیاری بەردەوامی کارکردن دەکاتەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی گۆڤارەکە و، هەوڵدانى بێ وچان بۆ گەیشتن بە کاتیگۆریی یەکەم (Q1) لە ساڵانی ئایندەدا، هەروەها گۆڤارەکە داوا لە توێژەران و ئەکادیمیان دەکات بەردەوام بن لە ناردنی توێژینەوە ڕەسەنەکانیان بۆ خزمەتکردنی زانست و مرۆڤایەتی.



