دووەمین گرووپی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ بەشداریکردن لە خولێکی نێودەوڵەتی بەرەو وڵاتی چیک بەڕێکەوتن
- Categories بــەشى بایۆمیدیکەڵ, بەشی پەرستاری تەندروستی كۆمەڵ, بەشی تـەکـنـیـکـی سـڕکــردن
- Date حوزهیران 22, 2026
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی زانستی و بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی شارەزایی فێرخوازان، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (٢١/٦/ ٢٠٢٦)، دووەمین گرووپی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو وڵاتی چیک بەڕێکەوتن.
ئەم گرووپەی فێرخوازان کە لەسەر بنەمای لێهاتوویی زانستی هەڵبژێردراون، پێکهاتوون لە: (مینا حوسێن کەریم) فێرخوازی قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ، (کامگار سەرهەنگ مستەفا) و (ئیسماعیل قادر عەزەت) فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی تەکنیکی سڕکردن، لەگەڵ (هەردی عوبەید ڕەفیق) دەرچووی بەشی پەرستاریی تەندروستیی کۆمەڵ. ناردنی ئەم فێرخوازانە ڕەنگدانەوەی ستراتیژیی زانکۆی جیهان-هەولێرە بۆ ئاوێتەکردنی زانیارییە ئەکادیمییەکان بە ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی ڕاهێنانی مەیدانی بۆ فێرخوازان و دەرچووان لە دەرەوەی وڵات.
بڕیار وایە فێرخوازان بۆ ماوەی هەفتەیەک لە ناو کەمپەسی زانکۆی پالاجکی نیشتەجێ بن و بەشداری لە خولێکی ڕاهێنانی پێشکەوتوودا بکەن دەربارەی بنەماکانی “تەندروستی، سەلامەتی و ژینگە (Health, Safety and Environment – HSE) ئەم خولە تیشک دەخاتە سەر نوێترین ستانداردە جیهانییەکانی پاراستنی سەلامەتی لە ژینگەی کار و تاقیگەکاندا، کە ئەمەش یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ فێرخوازان تاوەکو بە لێهاتووییەکی تەواوەوە وەک کادری پسپۆڕ لە داهاتوودا تێکەڵی بازاڕی کار ببن. ئەم هەنگاوە دەبێتە دەستکەوتێکی دیکەی زانکۆی جیهان-هەولێر لە پەرەپێدانی پەیوەندییە زانستییەکانی لەگەڵ زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی جیهاندا.
ئەم گەشتە زانستییەى فێرخوازان لەبەر ڕۆشنایی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەکادیمی (MOU) نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و زانکۆی پالاجکی (Palacký University Olomouc) ئەنجام دەدرێت، کە یەکێکە لە ناوەندە دێرین و گرنگەکانی خوێندنی باڵا لە وڵاتی چیک و ئەوروپا.
You may also like
فێرخوازانی بەشى بایۆمیدیکاڵ بە چالاکییەکی مەیدانی یادی ڕۆژی جیهانیی منداڵان دەکەنەوە
بە مەبەستی بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی منداڵان، فێرخوازانی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (١/٦/٢٠٢٦)، چالاکییەکی هۆشیاری و مرۆییان بۆ دڵخۆشکردنی منداڵانی شاری هەولێر ئەنجامدا. ئەم چالاکیە بە …


