زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵسەنگاندن بۆ ساڵى خوێندن دەکات و، ستراتیژی نوێی خوێندن و دیدگای بۆ داهاتوو ڕادەگەیەنێت
بەئامانجى هەڵسەنگاندنى ساڵى خوێندنى (٢٠٢٥-٢٠٢٦) و، خستنەڕووى پلانى ستراتیژى نوێى خویندن بۆ داهاتوو، کۆبوونەوەیەکی فراوان و ستراتیژی بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارییەتی زانکۆکانی جیهان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٧/٤/٢٠٢٦، لە هۆڵی VIP لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە ئامادەبوونى ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایانی بەشە زانستییەکان بەڕێوەچوو، تیشک خرایە سەر دەستکەوتە زانستییەکانی ساڵی ڕابردوو و داڕشتنی دیدگایەکی نوێ بۆ پڕۆسەی خوێندن و فێربوون لە قۆناغی داهاتوودا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر تیشکى خستە سەر ڕۆڵی پێشەنگانەی زانکۆی جیهان-هەولێر وەک ناوەندێکی داهێنەر لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و، ئاماژە بەوە دا کە زانکۆکەمان دەسپێشخەر بووە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە گرنگەکانی وەک ” کۆرسى هاوینە ” و “بۆلۆنیا پرۆسیس” و “ژیرى دەستکرد و ئامانجەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانى بەردەوام” لە پڕۆگرامەکانى خوێندن. ئەم ئەزموونە سەرکەوتووانە وایکردووە کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق سوود لە داتا و ئەزموونەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر وەربگرێت و بڕیاری جێبەجێکردنی کۆرسى هاوینە (Summer Course) لەسەر ئاستی هەموو زانکۆکانى عێراق بۆ ساڵی داهاتوو بدات.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان جەختی لەسەر وەرچەرخانە خێراکانی جیهان بەرەو تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) و فێربوونی قووڵ (Deep Teaching) کردەوە و، ڕایگەیاند: پێویستە زانکۆ و مامۆستایان پێش کات بکەون و خۆیان لەگەڵ ئامرازە نوێیەکانی مەعریفە بگونجێنن، چونکە کارنەکردن لەگەڵ ژیریی دەستکرد بە واتای پاشەکشە دێت لە کاروانی زانست. ئامانجی زانکۆکانى جیهان لەم قۆناغەدا ئەوەیە کە فێرخوازان و مامۆستایان بە جۆرێک پێبگەیەنرێن کە بتوانن هاوتای ستانداردە جیهانییەکانی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و چین و کەنەدا مامەڵە لەگەڵ زانستدا بکەن.
سەبارەت بە فەلسەفەی نوێی خوێندن، کۆبوونەوەکە جەختی لە گۆڕینی شێوازی فێربوون کردەوە لە سیستەمی “وەڵامدانەوە” بۆ “پرسیارکردن”. لەم ڕوانگەیەوە، جەخت لەسەر پێویستى پەیوەندی نێوان مامۆستا و فێرخواز لە پەیوەندییەکی تەقلیدییەوە بۆ هاوبەشییەکی زانستی لە پێناو دۆزینەوەی ڕاستییەکان کرایەوە. ئەوەش لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیەى کە زانکۆ وەک ناوەندێکی گرنگ بۆ داهاتوو، ئەرکی تەنیا پێدانی بڕوانامە نییە، بەڵکو بونیادنانی مرۆڤێکی داهێنەر و بەتوانایە کە بتوانێت کێشە ژیانی و مەیدانییەکان بە شێوازێکی زانستی و هاوچەرخ چارەسەر بکات، بۆ ئەم مەبەستەش، کۆبونەوەکە جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە، کە زانکۆ دەخوازێ نەوەیەک پێبگەیەنێت کە زانیارییەکانی هەمیشە نوێکراوە(Up-to-date) بن و ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانى بازاڕی کار بن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ و دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، دەستخۆشییان لە هەوڵی مامۆستایان کرد و دووپاتیان کردەوە کە زانکۆی جیهان-هەولێر بەردەوام دەبێت لە بوون بە پردێکی پەیوەندی لە نێوان مەعریفەی ئەکادیمی و پێویستییەکانی کۆمەڵگە. کۆبوونەوەکە بەو بڕوایە کۆتایی هات کە زانکۆ دەبێت شوێنی داهێنان و پێگەیاندنی مرۆڤ بێت، نەک تەنیا ئامرازێک بۆ فێربوونی پیشەیەکی دیاریکراو، ئەمەش لە پێناو خزمەتکردنی باشتر بە پەرەپێدانی مرۆیی و ماددی لە ناوچەکەدا، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ ئامادەبوانى کۆبونەوەکە چەند پێشنیازێک گەڵاڵە کرا و، نەخشەڕێیەک بۆ جێبەجێکردنى پلانى ستراتیژیی نوێیى زانکۆ بڕیاریان لەبارەوە درا.










